کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی بەربڵاوی خەڵکی ئیسفەهان لە ناڕەزایەتی بە وشکبوونی زایەندەڕوود

12:32 - 29 خەزەڵوەر 2721

ڕۆژی هەینی ٢٨ی خەزەڵوەر، هەزاران کەس لە خەڵکی ئیسفەهان بەنیسبەت وشکبوونی سیستماتیکی ڕووباری ''زایەندەڕوود'' و لەنێوچوونی کشتوکاڵی ئەو ناوچەیە، پێوەست بە کۆبوونەوەی وەرزێڕانی ناڕازی بوون و بەنیسبەت ناکارامەیی سیاسەتەکانی ڕێژیم و گرینگینەدانی بەرپرسان دروشمیان دا.

ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان نیشان دەدات کە هەزاران کەس لە خەڵکی ئیسفەهان کە لە پردی ''خاجۆ'' کە دەکەوێتە سەر ڕووباری زایەندەڕوود لەهەمبەر وشککردنی سیستماتیکی ڕووبارەکانی ئەو شارە کۆ بوونەوە و دژی ڕێژیمی ئێران و بە تایبەت عەلی خامنەیی دروشمیان بەرز کردەوە.

هەروەها خەڵک لەو کۆبوونەوەیەدا داوای لەسەرکارلابردنی بەرپرسانی بێ کیفایەتیان کردووە.

وەرزێڕانی ئیسفەهان کە چەندین ساڵە لەگەڵ بەرپرسانی ڕێژیم لەو شارە مشتومڕ و تێکهەڵچوونیان هەیە، حەوتووی ڕابردووش بە پاڵپشتیی خەڵکی ئیسفەهان بە نیشانەی ناڕەزایەتی لە بەستێنی ڕووباری زایەندەڕوود خێوەتیان هەڵ دابوو.

وشکەساڵیی بەردەوام لە ئێران و گرینگینەدان بە ژینگە و هەروەها بەڕێوەبەریی سەقەت لە دابەشکردنی سەرچاوە ئاوییەکان و ناکارامەیی سیاسەتەکانی ڕێژیم بووەتە هۆی لەنێوچوونی سەرچاوە ئاوییەکان کە قەیرانی بێ ئاویی دروست کردووە و بەدوای خۆیدا قەیرانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و ئەمنییەتیی دروست کردووە.

ڕێژیمی ئێران بە جێگای لەبەرچاوگرتنی سیاسەت و بەڕێوەبەریی دروست و گرینگیدان بە داواکاریی خەڵک، بە لەبەرچاوگرتنی ڕوانگەی ئەمنییەتی و سەرکوتی خەڵک بە جێگای چارەسەرکردنی قەیرانەکان، قەیرانەکانی پەرە پێداوە.