ڕێکەوتی ١ی بەفرانبار، کۆبوونەوەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە هەولێر بەڕێوە چوو. ناوەندی هاوکاری لەمبارەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:
بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ١ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی بەرابەر لەگەڵ ٢٢ی دسامبری ٢٠٢١ی زایینی، کۆبوونەوەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بەشداریی هەیئەتەکانی ناوەند لە پەیوەندییەکانی هەولێری "حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" بەڕێوە چوو.
سەرەتای کۆبوونەوەکە بە ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد و پاشان "محەممەد نەزیف قادری" وەکوو بەرپرسی هەیئەتی دەورەیی ناوەند باسێکی سەبارەت بە کار و ئەرکەکانی ناوەندی هاوکاری لە ماوەی بەرپرسایەتیی دەورەیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هەروەها دۆخی ئێستای پێشکەش کرد. پاشان دەستووری کاری کۆبوونەوەکەی خستە بەر دید و بۆچوونی بەشداربووانی کۆبوونەوەکەوە.
لە درێژەی کاری کۆبوونەوەکەدا هەیئەتەکانی بەشدار سەبارەت بە ڕاپۆرتی کار و هەروەها دەستووری کاری دانیشتنەکە بە تێروتەسەلی ڕا و بۆچوونی خۆیان خستە بەر باس و بە وردی بابەتەکانی دەستووری کاری دانیشتنەکەیان شرۆڤە کرد.
هەیئەتەکانی ناوەندی هاوکاری سپاس و پێزانینی خۆیان لە ماوەی بەرپرسایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێشکەش بە هەیئەتی حیزب کرد و بەرپرسایەتیی دەورەی داهاتوو بە هاوڕێیانی "حیزبی دێموکراتی کوردستان" سپێردرا.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا کۆمەڵێک ڕاسپاردە سەبارەت بە داهاتووی کاری ناوەند دەستنیشان کرا و ناوەند ئەرکدار کرا کە ئەو ڕاسپاردانە لە کۆبوونەوەکانی داهاتوودا بە ئەنجام بگەیەنێت.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
١ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی
٢٢ی دسامبری ٢٠٢١ی زایینی