ڕۆژی دووشەممە ١٦ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی بەرابەر لەگەڵ ٧ی مارسی ٢٠٢٢ی زایینی، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە ئامادەبوونی کەسی یەکەمی هەر چوار لایەنی پێکهێنەری ناوەند بە میوانداریی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەرپرسی دەورەیی ناوەند کۆ بوونەوە.
سەرەتا "خالید عەزیزی" سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای بەخێرهێنانی بەشدارانی کۆبوونەوەکە، باسەکەی کردەوە.
ناوبراو باسێکی سیاسیی بە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئێستای ئێران و کوردستان دەست پێ کرد. بەڕێزیان بە ئاماژەدان بە قەیرانە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی وتی، حکوومەت سەرەڕای ئەو قەیرانگەلە کە هەر خۆیان واتە دەسەڵات خولقێنەری قەیرانەکانن وازی لە سەرکوتی خەڵک نەهێناوە، لە بەرانبەریشدا ناڕەزایەتی و کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک ڕوو بە حکوومەت و دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ لە پەرەسەندن و زیادبووندایە. بەڵام ئەوەی یارمەتیی بە مانەوەی ڕێژیم داوە ئەوەیە کە تا ئێستا ئاڵترناتیڤ لە نێو ئۆپۆزیسیۆندا دروست نەبووە.
"خالید عەزیزی" دواتر هاتە سەر باسی کوردستان و وتی، بە خۆشییەوە لە کوردستان بارودۆخ لە ناوەند و باقیی شوێنەکانی دیکەی ئێران باشترە، چونکە کوردستان خاوەنی پاشخانێکی سیاسی و خەباتگێڕییە و خاوەنی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە ئێستاش لە مەیدانی خەباتدان و ڕۆژانە ڕاستەوخۆ لەگەڵ خەڵکی کوردستاندا لە پێوەندیدان.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە جموجووڵە مەدەنی و فەرهەنگییەکانی کوردستان، وێڕای بەرزنرخاندنی ئەو چالاکییانە، داوای بەردەوامی و هیوای سەرکەوتنی زیاتری بۆ بەئاوات خواستن.
"خالید عەزیزی" بە ئیشارە بە هەوڵەکانی وڵاتانی ٥+١ لەگەڵ ئێران بۆ ڕێکەوتنی بەرجام وتی، خەباتی ئێمە بۆ وەدەستهێنانی مافەکانی گەلەکەمان پێش کێشەی ئێران و ئامریکا و ڕۆژاوایە، بۆیە ئێمە لە هەر ئەگەرێکدا درێژە بە خەباتی خۆمان دەدەین و بەرجام هیچ کاریگەرییەکی لەسەر خەباتی ئێمە بۆ وەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نابێت.
دواتر "مستەفا هیجری" لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، "عەبدوڵا موهتەدی" سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و "ڕەزا کەعبی" جێگری سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان وێڕای بەشدارییان لە باسەکە بیروڕای خۆیان لەسەر بابەتەکانی کۆبوونەوەکە خستە ڕوو.
بەشداران لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا وێڕای هێنانەبەرباسی شەڕی نێوان ڕووسیە و ئۆکراین کە ئێستا هەموو جیهانی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە و بووەتە گرفتێکی گەورە و هەڕەشە لە ئاشتیی نێودەوڵەتی دەکات، هەموان لەسەر ئەوە هاودەنگ بوون کە ڕێگای چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکان، دیالۆگ و لێکتێگەشتنە، نەک هێرش و وێرانکاری، بۆیە هیوایان خواست کە کێشەی نێوان ڕووسیە و ئۆکراین بە دانیشتن و ڕێکاری سیاسی و دیپلۆماسی چارەسەر بکرێت و خەڵکی ئۆکراین لەوە زیاتر تووشی ماڵوێرانی و کوشتن و کۆچی بە ناچاری نەبن و ئاوری شەڕ لەوە زیاتر پەرە نەستێنێت.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا کۆمەڵێک باس و بابەتی دیکەی پێوەندیدار بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کاروباری ناوەندی هاوکاری هاتە بەرباس کە لەلایەن بەشدارانەوە قسەیان لەسەر کرا و بڕیاری پێویستیان لەسەر درا.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
١٦ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی
٧ی مارسی ٢٠٢٢ی زایینی