کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەڕێوە چوو

11:07 - 5 جۆزەردان 2722

ڕۆژی ٣ی جۆزەردان، ٢٤ی مانگی مەی ٢٠٢٢، کۆبوونەوەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بەشداریی بەرپرسانی یەکەمی حیزبەکانی ئەندام و بە میوانداریی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بۆ ماوەی شەش کاتژمێر بەڕێوە چوو.

سەرەتای کۆبوونەوەکە "عومەر ئیلخانیزادە" سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان وەک بەرپرسی دەورەیی ناوەند بە گەرمی بەخێرهاتنی لایەنەکانی کرد و بە پەسەندگەیاندنی ئاجێندای کۆبوونەوەکە دەرگای گفتوگۆی لەسەر تەورەکان کردەوە .

دواتر "خالید عەزیزی" سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستان و بەرپرسی دەورەی پێشووی ناوەند سەبارەت بە کار و چالاکییەکانی ناوەند لە دەورەی پێشوو قسە و باسێکی پێشکەش کرد و ڕاپۆرتی کار و چالاکییەکان لەلایەن تیمی حیزبی دێموکراتی کوردستان خوێندرایەوە.

تەوەری دووەمی کۆبوونەوەکە بریتی بوو لە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی کوردستان و ئێران و ناوچەکە و ئەرکە سەرەکییەکانی ناوەند.

لەو بەشەی ئاجێندادا بەتایبەتی ئەو ناڕەزایی و خۆپیشاندانانەی لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوو لە شارەکانی ئێران و کوردستان بەڕێوە چوو، داهاتوی ئەو بزووتنەوەیە، هەلومەرجی نێوخۆیی و دەرەکیی کۆماری ئیسلامی، هەلومەرجی سیاسی و ناکۆکییەکان لەو ناوچەیە و شەڕی ڕووسیە و ئۆکراین و کاریگەرییەکانی خرایە بەر باس و لێکۆڵینەوە.

لەمبارەوە "خالیدی عەزیزی سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستان، محەممەدنەزیف قادری جێگری دووەمی لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، عەبدوڵڵا موهتەدی سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و عومەر ئیلخانیزادە قسە و باسێکی چڕوپڕیان لەسەر بارودۆخی ئێران و کوردستان و ناوچەکە، ئەگەرەکانی داهاتوو و سەرەکیترین ئەرکەکانی ناوەند، پێشکەش کرد".

هەروەها "مستەفا هیجری" لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بەشێکی ئەو کۆبوونەوەیەدا بە شێوەی ئۆنلاین بەشداریی کرد و ڕا و بۆچوونی خۆی باس کرد.

لەو باسەدا لایەنەکانی ئەندامی ناوەند کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە ناڕەزاییەکان لە ئێران نەک هەر بەردەوام دەبێت، بەڵکوو بە ڕۆشنی سیستەم و گشت دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی کردووەتە ئامانج. بەشداربووان لەو بڕوایەدا بوون کە کۆماری ئیسلامی کە لە نێوخۆ و ناوچەکەشدا تووشی قەیران بووە بە ئاسانی ناتوانێت لێی دەرباز بێت و بە سیاسەتی سەرکوت بۆی چارەسەر ناکرێت. هەروەها جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە ناڕەزاییەکانی خەڵک بۆ گەیشتن بە داخوازییەکانی پێویستی بە هاوئاهەنگی و ڕێکخستنی زۆرترە. تەئکید کرا کە ئەو ناڕەزایی و خەباتە جەماوەرییە گەشتووەتە ئاستێک کە بۆ بەردەوامی و سەرکەوتن بەسەر ڕێژیمدا پێویستی بە پێکهاتنی ناوەند و سازەی سیاسیی هاوئاهەنگ و یەکگرتوو هەیە بۆ ڕابەریکردن و سەرخستن.

لەبەر ڕۆشنایی ئەو ڕاستییەدا لە باسەکاندا پێداگری لەسەر دوو ئەرکی سەرەکی لە کاری دەورەی داهاتووی ناوەنددا کرایەوە:

یەکەم: بە هاودەنگیی ئێستای ناوەند و ئەزمونی کوردستان لە پێشووتردا، جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە ناوەند و حیزبەکانی کوردستانی ئێران پێویستە بە یەکگرتووییەکی سازماندراو وەک سازەیەکی نەتەوەیی بەرەوڕووی ئەو هەلومەرجە ببنەوە و بۆ بوون بە ناوەندێکی سیاسیی بەڕێوەبەر لە کوردستاندا، هەنگاوەکانیان خێراتر بکەنەوە. بۆ ئەو مەبەستە، تاوتوێکردنی هەندێک میکانیزمی گونجاو و پێویست خرایە ئاجێندای زووی کۆبوونەوەکانی داهاتووی ناوەند کە کاریان لەسەر بکرێت.

دووەم: هەموو لایەک کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە بەهۆی یەکگرتوویی زۆرتری هێزە سیاسییەکانی کوردستان و دەرکەوتنی زیاتری قورسایی بزوتنەوەی کوردستان، پێویستە ناوەند لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی ئوپۆزیسیۆنی ئێرانی دەورێکی زۆرتر بگێڕێت بۆ پێکهێنانی ڕابەری و ئاڵترناتیڤ بۆ جێخستنی زۆرتری داخوازییەکانی کوردستان.

لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا چەندین تەوەر و بابەتی گرنگ و پەیوەندیدار بە کاری ناوەند، لەوانە پەرەدان بە چالاکیی نێونەتەوەیی خرایە بەر باس و ئەولەوییەتەکانی کاری داهاتووی ناوەندی هاوکاری دەستنیشان کرا.