کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی مامۆستایانی خانەنیشنکراو لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی کرماشان

17:55 - 28 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: مامۆستایانی خانەنشینکراوی پارێزگای کرماشان لە بەردەم بینای بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە و بارهێنانی ئەو پارێزگایە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی چوارشەممە ۲۸ی سەرماوەز، مامۆستایانی خانەنشینی پارێزگای کرماشان لە بەردەم بینای بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە و بارهێنانی ئەو پارێزگایە، لە سەر دواکەوتنی مووچەی خانەنشینی و سەرجەم داوا سێنفییەکانیان کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

ئەو مامۆستا ناڕازییانەی پارێزگای کرماشان لەهەمبەر دواکەوتن و وەرنەگرتنی زیاتر لە یەک ساڵ مووچەی خانەنشینی، لە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی و بە نووسین و وتنەوەی دروشمی جۆراوجۆر لە بەردەم بینای بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە و بارهێنانی ئەو پارێزگایە، داوای پێدانی مووچەکانیان کرد.

هاوکات ناڕازییان لە سەر پێشگرتن بە چالاکی ڕێکخراوە سێنفییەکانی مامۆستایان لە لایەن کاربەدەستانی ناوەندە پەیوەندیدارەکان و دەزگا ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم لەو پارێزگایە، ناڕەزایەتییان دەربڕی و داوای بە فەرمی ناسینی ڕێکخراوە سێنفییەکانی مامۆستایان و ئازادییە سێنفییەکانی خۆیان لە چوارچێوەی یاساکانی حکوومەتدا کرد.

شایانی باسە کە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا تا ئێستا ئەمە دەیان جارە کە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی هاوشێوە لە سەرجەم شارەکانی کوردستان و ئێراندا بەڕێوە دەچێت، بەڵام تا هەنووکە ڕێژیمی ئیسلامی ئێران هیچ بایەخێکی بە داواکارییەکانی ناڕازییان نەداوە.