کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خوێندکارانی زانکۆی کوردستان

13:35 - 23 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: خوێندکارانی زانکۆی کوردستان لە شاری سنە، بە هۆکاری دەرکردنی خوێندکارانی چالاکی سیاسی، کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا"، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، دووشەممە ۲۳ی خاکەلێوە، خوێندکارانی زانکۆ کوردستان لە شاری سنە، لە هەمبەر دەرکردنی خوێندکارانی چالاکی سیاسی و بەپارەییبوونی پێکهاتەی زانکۆ کوردستان، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە و داوای دەرکردنی دوکتور "عوسمان عەزیزی"، جێگری کاروباری خوێندکارانی زانکۆ کوردستانی ئەو شارەیان کردووە.

کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی ئەو خوێندکارانە کە بە دروشمەلگەلێکی وەکوو، "مسئول بی کفایت استعفا استعفا" و "دانشجو بیزار است و از پول سازی بیزار است"، بەڕێوە چوو و داوایان لە بەرپرسانی ئەو زانکۆیە کردووە، کە خوێندکاران بە هۆکاری چالاکییە سیاسییەکانیانەوە لەو زانکۆیە دەرنەکرێن، هەروەها داوای دەرکردنی جێگری کاروباری خوێندکارانی ئەو زانکۆیان کردووە کە هۆکاری سەرەکیی دەرکردنی خوێندکارانی چالاکی سیاسی ئەو زانکۆیە بووە.

خوێندکارانی زانکۆ کوردستان، جیا لەوەی کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام لە هەمبەر نادادپەرەوریی بەرپرسانی ئەو زانکۆیە بەرانبەر بە خوێندکاران و گەندەڵی و دەرکردنی خوێندکارانی ئەو زانکۆیە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە، لە کۆتایییەکانی ساڵی ۹۷ی هەتاوی و سەرەتاکانی ساڵی نوێی (۹۸) هەتاوی، چەندین جار بەردەوام کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە.

بەرپرسانی زانکۆی کوردستانیش، نەک هیچ ئاوڕ و بایەخێکیان بە ناڕەزایەتییەکانی ئەو خوێندکارانە نەداوە، بەڵکوو هەوڵیان داوە بە دڕندانەترین شێوە ئەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییانە سەرکوت بکەن و ڕێکخەری کۆبوونەوەکان بە تێکدەر و ئاژاوەگێڕ ناودێر بکەن و لە زانکۆ دەری بکەن.