کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی مامۆستاکان لە حەوتووی "موعەلیمـ"ـدا

13:42 - 12 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: هاوکات لەگەڵ حەوتووی "موعەلیم" لە ئێراندا، له زۆربەی شارەکانی ئێران و کوردستاندا، بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایانی قوتابخانەکان، ناڕەزایەتیی گشتی بەڕێوە چوو.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٢ی بانەمەڕی ١٣٩٨ی هەتاوی، مامۆستایانی ناڕازی لە زۆربەی شارەکانی ئێران و کوردستان بە هاتنەسەر شەقام و گرتنی کۆبوونەوە، ناڕەزایەتییان دەربڕی و داوای مافەکانیان کرد.

لە شارەکانی کوردستان، مامۆستایان بە چوونە بەردەم ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان، بە هەڵگرتنی پلاکارد و نووسراوە، ناڕەزایەتیی خۆیان لە دۆخی خراپی مووچە، پەروەردە و داهاتی ژیانی خۆیان دەربڕیوە.

ئەم كۆبوونەوانە بە بەردەوامی‌ چەندین ساڵە درێژەی‌ هەیە‌ و هیچ ئاكام ‌و دەستكەوتێكی‌ نەبووە و ڕێژیم بە هێرش و دەسبەسەرکردنی مامۆستاکان، وڵامی داخوازییەکانیان دەداتەوە.

هەروەها ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن، کە لە زۆربەی شوێنەکان، هێزەکانی ڕێژیمی ئێران بە شێوەیەکی دڕندانە هێرشیان کردووەتە سەر مامۆستایان و بێڕێزیان پێ کردوون.

پێشتر، شۆرای هاوئاهەنگیی دامەزراوە سێنفییەکانی فەرهەنگییانی ئێران، لە بەیانییەیەکدا بە بۆنەی هاتنی حەوتووی موعەلیم، داوای لە مامۆستایانی قوتابخانەکانی ئێران کردووە، کە بۆ گەیشتن بە ئامانج و مافەکانیان مان بگرن.

لەو بەیانییەدا هاتبوو: کە گرانی و هەڵاوسان، ژیانی بۆ هەموو چین و توێژێکی کۆمەڵگای ئێران دژوار کردووە. مووچەی مامۆستایان لەگەڵ گرانی یەک ناگرنەوە. زۆبەری مامۆستایان بە هۆی نەبوونی مووچەیەکی باش ناچارن کاری دیکە بکەن.

داخوازیی مامۆستایان لە بەیانییەکەدا، بەم چەشنە خرابووە ڕوو: "باشترکردنی دۆخی بارهێنان و ڕاهێنان لە قوتابخانەکان، ڕاگرتنی تایبەتسازیی فێرکاری، دامەزراندنی دامەزراوەی سەربەخۆ، لابردنی هەموو بەربەستە نایاسایییەکان بۆ پێشگرتن لە چالاکییەکان، بیمەکردنی تایبەتی فەرهەنگییان، دانی مووچە و داکۆکی لە مافی مامۆستایان".