کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی مامۆستایان لە ٤٠ شاری ئێران و کوردستان

17:03 - 22 رەزبەر 2721

ڕێژەیەکی زۆر لە مامۆستایان ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ڕەزبەر،  لە شارەکانی کوردستان و ئێران لە ناڕەزایەتی بەنیسبەت پەسەندنەکردنی گەڵاڵەی پلەبەندی و ئازادنەکردنی مامۆستایانی زیندانی خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد.

ئەو خۆپیشاندانە سەراسەرییە دوای بانگهێشتی یەکیەتییەکانی مامۆستایان بەڕێوە چوو و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڤیدیۆیەکی زۆر لەو خۆپیشاندانانە لە پارێزگاکانی ''کرماشان، سنە، تاران، فارس، قەزوین، هەمەدان، ئەردەبیل، لوڕستان، ئیسفەهان، بوشێهر و مازەندەران و...'' بڵاو بووەتەوە.

خۆپیشاندانی مامۆستایان لە شارەکانی پارێزگای کرماشان، سنە و ورمێ لە حاڵێکدا بەڕێوە چووە کە شەوی ڕابردوو ناوەندە ئەمنییەکانی ڕێژیم لە ڕێگای تەلەفۆنەوە هەڕەشەیان لە مامۆستایان کردبوو کە نابێ لە خۆپیشاندانەکان بەشداری بکەن.

مامۆستایانی لەسەر کار و خانەنشینکراو لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا لە ناڕەزایەتی بە بەڕێوەنەچوونی گەڵاڵەی پلەبەندی کە مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ لە کۆمیسیۆنی پەروەردە و لێکۆڵینەوەی مەجلیس پەسەند کرابوو، دەیان جار خۆپیشاندانیان ئەنجام داوە.

بەپێی ئەو گەڵاڵەیە مووچەی مامۆستایان دەبێ ٨٠ لەسەدی مووچەی مامۆستایانی زانکۆ بێت. مامۆستایان هەڕەشەیان کردووە کە لە ئەگەری وەدینەهاتنی داواکارییەکانیان مان دەگرن و وانە ناڵێنەوە.

بە پەرەگرتنی قەیرانی ئابووری و هەژاری لە ئێران تەنیا مامۆستایان نین کە ناڕازین، توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە بەردەوام بەنیسبەت گرانی و هەژاری و دەیان گرفتی دیکە کە بەهۆی سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێران برۆکیانی گرتووە، لەسەر شەقامەکان داواکاری و مافەکانی خۆیان هاوار دەکەن، بەڵام لەلایەن ڕێژیمەوە بە جێگای گرینگیدان بە داواکارییەکان، وڵامی خەڵکی ناڕازی سەرکوت و دەسبەسەری بووە.