کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی هاوبەشی ناوەندی سیاسی و دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکرات بەڕێوە چوو

13:47 - 3 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆبوونەوەیەکی بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی هەنووکەیی سیاسی و بڕیاری پێویست لەوبارەوە، بەڕێوە برد.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢ی پووشپەڕی ١٣٩٨ی هەتاوی، کۆبوونەوەی هاوبەشی ناوەندی سیاسی و دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوە چوو.

لەم کۆبوونەوەیەدا کە بە بەشداریی لێپرسراوی گشتی و بەرپرسی ناوەندی سیاسی و زۆربەی هەرەزۆری ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و ناوەندی سیاسی بەڕێوە چوو، دۆخی سیاسیی ئێستای ئێران و کوردستان خرایە بەر باس.

سەرەتای کۆبوونەوەکە بە خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان دەستی پێکرد.

دواتر لێپرسراوی گشتی وێرای خستنە بەرباسی دەستووری کاری کۆبوونەوەکە، ڕاپۆرتێکی سیاسیی لە دۆخی ناوچە، ئێران و کوردستان پێشکەش کرد کە سەڕەڕای هەڵسەندگاندنی سیاسی، ڕێوشوێنی پێویست لە بەردەم کورد و حیزبی دێموکراتدا لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژەی پێ کرابوو و پێشنیاری هەنگاوە کردەییەکانی بۆ بڕیارلەسەردانی، پێشکەشی کۆبوونەوەکە کرد.

لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا، بەشداران ڕا و سرنج  و پێشنیارەکانی خۆیان بۆ پوختەترکردنی ڕاپۆرتەکە باس کرد.

کۆبوونەوەکە هەرهەمان ڕۆژ، بە کۆبەندی باسەکە و هەروەها بڕیاردانی پێویست بۆ هەنگاوەکانی دواتر، کۆتایی پێهات.