کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی هاوپەیوەندی بۆ ئازادی و بەرانبەری لە ئێراندا، بەڕێوەچوو

11:25 - 11 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: کۆمەڵێک لە حیزبە دژبەرەکانی ڕێژیمی ئێران، هاوکات لەگەڵ گۆڕانکارییە بەرچاوەکانی ناوچەکە و زۆربوونی گوشاری جیهانی بۆ سەر ئەم ڕێژیمە، لە وڵاتی "ئاڵمانـ"دا کۆ بوونەوە.

ڕۆژی شەممه، ١١ی جۆزەردان، سێهەمین کۆبوونەوەی هاوپەیوەندی بۆ ئازادی و بەرانبەری لە ئێراندا بە بەشداریی دە حیزب و لایەنی سیاسی لە شاری "فرانکفۆرتـ"دا بەڕێوەچوو.

لەم کۆبوونەوەیەدا، حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران، حیزبی دێموکراتی کوردستان، یەکیەتیی دێموکراتیکی ئازەربایجان- بیرلیک، بزووتنەوەی کۆماریخوازانی دێموکرات و لائیکی ئێران، حیزبی تەزامۆنی دێموکراتیکی ئەحواز، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێران، حیزبی خەڵکی بەلووچستان، ڕێکخراوی فیداییانی خەلقی ئێران، شۆرای کاتیی سوسیالیستە چەپەکانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، کۆ بوونەوە و بارودۆخی سیاسیی ناوچەکەیان هەڵسەنگاند و لەبارەی چۆنیەتیی هاوکاریی زۆرتر بۆ لەنێوبردنی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، وتووێژیان کرد.

هەروەها لەم کۆبوونەوەیەدا، پێشنیارەکانی نوێنەرانی حیزبەکان بۆ پێویستی، ڕیزبەندی و چالاکییە هاوبەشەکان لەم هاوپەیوەندییەدا، خرایە بەر باس و بۆچوونی بەشدارانەوە.

هاوپەیوەندی بۆ ئازادی و بەرانبەری لە ئێراندا، بۆ دێموکراسی، جیایی ئایین لە سیاسەت و فێدراڵیزم، چالاکیی خۆی لە ١٦ی نۆوامبری ٢٠١٨ـەوە دەست پێکردووە.

ئەم کۆبوونەوەیە لە دۆخێکدا بەڕێوەچوو کە ئێران و ناوچەکە بینەری گۆڕانکارییە چارەنووس‌سازەکانە و دژبەرەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ دیاریکردنی هەڵوێستەکانی خۆیان لە بەرامبەر ڕووداوە نێوخۆیی و دەرەکییەکاندا، لە حاڵی وتووێژدان.