کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی پەراوێزنشینەکان لە بەردەم پارێزگاریی کرماشان

01:01 - 16 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: بەشێکی زۆر لە پەراوێزنشینەکانی شاری کرماشان، لە بەردەم پارێزگاریی ئەو شارە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیان بەڕێوە برد.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییە نێوخۆیییەکانی ڕێژیمی ئێران، بەشێکی زۆر لە دانیشتووانی گەڕەکی پەراوێزنشینی "کارێز" لە هەمبەر کەمتەرخەمییەکانی ڕێژیم و گرنگی نەدانی بەرپرسانی پارێزگای کرماشان بە ئاوەدانی و چارەسەرکردنی کێشەکانیان، لە بەردەم پارێزگاریی کرماشان کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیان بەڕێوە بردووە.

گەڕەکی کارێز، تەنیا ٥ کیلومێتر لە ناوەندی شاری کرماشان دوورە و نە پێوانەکانی گوندی هەیە و نە بەپێی پێوانە شارییەکان وەکوو گەڕەکێکی شار بەئەژمار دێت، ئەو گەڕەکە لە هەموو خزمەتگوزارییەکان بێبەشە و ئاوەدانی و دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان لەو گەڕەکە هیچ واتایەکی نییە.

ئەو گەڕەکە کە حەشیمەتێکی زۆری تێدا نیشتەجێیە و خەڵکەکەی لە ڕووی هەژاری و ناتوانیی لە گواستنەوەی شوێنی ژیانیان بۆ نێو شار، ناچارن لەگەڵ کێشەی کەمئاوی، نەبوونی بێهداشت، ڕێگاوبان بەرەوڕوو ببن و بەگشتی لە هەموو خزمەتگوزارییەکی شارنشینیی بەدوور بن.

بەپێی ئامارەکانی ڕێژیم، پارێزگای کرماشان، لە ڕیزی چوار پارێزگای یەکەمی ئێرانە، کە زۆرترین پەراوێزنشینی هەیە و لە حەشیمەتی یەک میلیۆن کەسیی شاری کرماشان، ٣٠٠ هەزار کەسی لە پەراوێزی شارەکان دەژین و دەیان گەڕەک و ناوچەی پەراوێزنشینی هەیە.