کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی ڕێکخستنەکانی حیزبەکانی ناوەندی هاوکاری بەڕێوە چوو

11:20 - 2 رەزبەر 2721

ڕێکەوتی ١ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی بەرانبەر بە ٢٣ی سپتامبری ٢٠٢١ی زایینی، کۆبوونەوەی ڕێکخستنەکانی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەڕێوە چوو.

ڕێکخستنەکانی حیزبەکانی پێکهێنەری ناوەندی هاوکاری کۆبوونەوەیەکی تایبەتیان بە ئەرک و ڕێکخستن لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات و هەروەها کوردستانی باشوور بەڕێوە برد.

لەو کۆبوونەوەیەدا کە لە پەیوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران له سلێمانی بە سەرپەرستیی "محەممەدنەزیف قادری" بەرپرسی هەیئەتی دەورەیی ناوەند پێکهاتبوو، چەند تەوەری گرینگ لە باسەکانی کۆبوونەوەکەی لەخۆ گرتبوو.

پرسەکانی پێوەندیدار بە ئەرکەکانی ڕێکخستنەکانی دەرەوەی وڵات، کوردستانی باشوور و نێوخۆی وڵات بە وردی تاوتوێ کران و ئۆرگانەکانی سەر بە ڕێکخستنەکان لەهەمبەر پرسە هەنووکەیی و ستراتژییەکانی پێوەندیدار بە بزووتنەوەی کوردستانی ڕۆژهەڵات و هەڕەشە و مەترسییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و سیاسەتی سەرکوتی ئەو ڕێژیمە ئەرکدار کرد و ڕێکاری بەرەنگاری و بەرپەرچدانەوەی دەستنیشان کرد.

لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاری بەردەوامی و پەیوەندیی ڕێکخستنەکان پێداگری لەسەر کرا.