کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات لە ئامریکا

16:28 - 23 پووشپەڕ 2716

کوردستان میدیا: کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئامریکا لە سەر دوایین ئاڵوگۆڕەکانی حیزبی دێموکرات و کوردستان و خەباتی نوێی حیزبی دێموکرات کۆبوونەوەیەکی گشتی بەڕێوە برد.

کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئامریکا، کۆبوونەوەیەکی گشتیی بۆ ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات بەڕێوە برد کە کەریم پەرویزی ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕێگەی سکایپەوە بەشداری کۆبوونەوەکە بوو.

ئەم کۆبوونەوە تەشکیلاتیە بە چەند مەبەستی بەرز ڕاگرتنی یادی شەهیدانی ڕاسانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئاگادارکردنی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە ئامریکا لە دوایین گۆڕانکارییەکانی حیزبی دێموکرات و کوردستان و ڕاسان و هەروەها کۆکردنەوەی پشتیوانییەکان و یارمەتییەکان بەڕێوە چوو.

لەم کۆبوونەوەیەدا، کەریم پەرویزی، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات باسێکی تێروتەسەلی لەسەر بنەماکانی ڕاسانی حیزبی دێموکرات و ئیرادەی حیزبی دێموکرات لەمەڕ بەردەوامبوونی ڕاسان پێشکەش بە ئامادەبوان کرد.

پەرویزی لە درێژەی قسەکانیدا ئەرکی ئەندامانی حیزبی دێموکراتی بە تایبەت لە دەروەی وڵات بۆ بەشداربووان شی کردەوە.

پەرویزی لە باسەکانی خۆیدا ئاماژەی بەوە دا کە یەکێک لە گرینگترین ئەرکەکانی ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە دەروەی وڵات وشیاربوونی ئەو ئەندامانەیە لەمەڕ شەڕی تەبلیغاتیی ڕێژێم و چۆنیەتی هەڵسوکەوتی خۆیان لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان.

کەریم پەرویزی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ئێستا وزە و کارناسێکی زۆری بۆ ئەو مەبەستە تەرخان کردووە، بۆیە ئێمە پێویستە زیاتر لە هەرکات وشیاری پیلانگێڕییەکانی ڕێژێم بین لەو بوارە دا.

پاشان عەلی‌ ئەشرەف مورادی و ئازاد عەزیزی ئەندامانی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات چەند وتەیەکیان لەو کۆبوونەوەیەدا پێشکەش کرد و وەڵامی پرسیارەکانی ئامادە بووانیان دایەوە.

ئەو دوو ئەندامەی ڕێبەرایەتی لە باساکانیاندا، باسیان لە یەکدەنگی و سووربوونی ئیرادەی ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکرات لە بەردەوام بوونی ڕاسان کرد.

لەم کۆبوونەوەدا، هەروەها لە چەند ویلایەتی دیکەی ئامریکاوە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە ڕێگەی کۆنفڕانس کاڵەوە بەشداری کۆبوونەوکە بوون و توانییان پرسیار و پێشنیارەکانی خۆیان ئاراستە بکەن.

لە کۆتایی ئەو کۆبوونەوەیەدا، محەممەد داستان ئەندامی لەمێژینەی حیزبی دێموکرات شێعرێکی پێشکەش بە گیانی پاکی شەهیدانی ئەم دواییانەی حیزبی دێموکرات کرد.