کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی ئیسرائیل، ئامریکا و ڕووسیە لەسەر ڕۆڵی ڕێژیمی ئێران لە سووریەدا

13:02 - 4 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: وڵاتانی ئیسرائیل، ئامریکا و ڕووسیە، کۆبوونەوەیەکی ئەمنییەتییان لەسەر ڕۆڵی ئاژاوەگێڕانەی ڕێژیمی ئاژاوگێڕی ئێران لە وڵاتی سووریەدا بەڕێوە برد.

ڕۆژانی دووشەممە و سێشەمە، ٣ و ٤ی پووشپەڕی ١٣٩٨ی هەتاوی، لەسەر داواکاریی "بێنیامین نێتانیاهوو"، سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، کۆبوونەوەیەکی ئەمنییەتیی سێ قۆڵیی وڵاتانی ئیسرائیل، ئامریکا و ڕووسیە، لەسەر ڕۆڵی ئاژاوەگێڕانە و دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران، بە بەشداریی "مەئیر شبات"، بەرپرسی شۆرای ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتی ئیسرائیل، "جان بۆڵتۆن"، ڕاوێژکاری شۆرای ئاسایشی نیشتمانیی ئامریکا و "نیکالای پاتروشف"، بەرپرسی شۆرای ئاسایشی نەتەوەیی ڕووسیە و هەروەها کۆمەڵێکی تر لە بەرپرسانی باڵای ئەو سێ وڵاتە، لە شاری "ئورشەلیمـ"ـێ پێتەختی وڵاتی ئیسرائیلدا بەڕێوە چوو.

لەو کۆبوونەوەیەدا، وێڕای باسێکی چڕوپڕ لەسەر ڕۆڵی ئاژاوەگێڕانەی ڕێژیمی ئێران و تێكدانی ئارامی و ئاسایشی سووریە و نیوان هێز و لایەنەکانی ئەو وڵاتە، ڕێگاچارەی لاوازکردن و کەمکردنەوەی پێگە و دەستێوەردانە سیاسی و سەربازییەکانی ڕێژیمی ئیران و گرووپ و ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی ئەو ڕێژیمە لە سووریە، خرایە بەر باسی کۆبوونەوەکە و وتووێژی لەسەر کرا.

شایانی باسە کە دیپلۆماتکاران و بەرپرسانی وڵاتی ئیسرائیل ئەو کۆبوونەوەیە، بە کۆبوونەوەیەکی زۆر گرینگ و جیددی وەسف دەکەن و لەو باوەڕەدان کە ئاکامی ئەو کۆبوونەوەیە ئاگاداری زۆر جیددی و هوشدارێکی مەترسیدار بۆ ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دەبێت.

پێشتر بەرپرسانی وڵاتی ڕووسیە چەندین جار پێشنیاری بەفەرمی ناسینی حکوومەتی ڕێژیمی "بەشار ئەسەد"ـیان بە بەرپەسانی وڵاتانی ئامریکا و ئیسرائیل کردبوو کە لە وڵامی ئەو پێشنیارەدا، کاربەدەستانی ئەو دوو وڵاتە ڕایانگەیاندووە: "بە مەرجێک ئەو پیشنیارە قبووڵ دەکرێت کە دەستێوەردانە سەربازی و سیاسییەکانی ڕێژیمی ئێران و لق و پۆکانی لەو وڵاتەدا بە هیچ شێوەیەک بوونیان نەمێنێت و سووریە تەنیا لەبەردەستی سووریەییەکاندا بێت.