کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەیەکی سیاسی – تەشکیلات بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەڕێوە چوو

13:14 - 8 خاکەلێوه 2722

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٧ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، کۆبوونەوەیەکی بەرینی سیاسی– تەشکیلاتی بۆ بەشێک لە پێشمەرگەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بە بەشداریی چەند کەس لە ئەندامانی ڕێبەریی حیزب، بەرپرسانی نیزامیی هێزی پێشمەرگە، لەلایەن "مستەفا هیجری" لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتەوە بەڕێوە چوو.

سەرەتای کۆبوونەوەکە بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

دواتر "هیجری" باسێکی پێشکەش کرد و لە بابەتەکەیدا ئاوڕێکی لە دۆخی سیاسیی ناوچە و جیهان بە گشتی و کەشی سیاسی و ئابووریی ئێران و کوردستان بەتایبەتی دایەوە.

ناوبراو لە وتەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکارییەوە بەهۆی سیاسەتێکی هەڵە کە گرتوویەتە بەر هەم خۆی تووشی قەیرانی جۆربەجۆر کرد و هەم خەڵک و لایەنەکانی تری بە قەیرانەکانەوە سەرقاڵ کرد.

 هیجری لە قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرەو لێژی دەچێ کە ئەمەش زیاتر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ڕێژیم بە قەیرانەکانییەوە دەتلێتەوە و وای کردووە کە ڕەوایی و مەشرووعیەتی بۆ نزمترین ئاستی خۆی دابەزیوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لێپرسراوی گشتیی حیزب ئاماژەی بەوە کرد  کە ڕێژیمی ئێران گەیشتووەتە شوێنێک کە تەنانەت بێ‌متمانەیی بە ڕێژیم نەک لەنێو حیزبە دژبەرەکانی بەڵکوو بۆ نێو بەرپرسانی حکومەتیش شۆڕ بووەتەوە کە ئەمە ڕێگەی بۆ زیادبوونی گەندەڵییەکان خۆشتر کردووە.

سەبارەت بە پرسی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات ناوبراو باسی لەوە کرد، بەخۆشییەوە ئاستی تێگەیشتوویی و وریایی خەڵکی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات زۆر بەرزترە بە بەراورد لەگەڵ شوێنەکانی تر کە بەشێک لەم خاڵە پۆزەتیڤە بۆ نەخشی خەباتی حیزبەکانی کوردستان و لەم دواییانەشدا بۆ ڕاسانی ڕۆژهەڵات دەگەڕێتەوە کە لە دروشمەکانیدا باس لە سازکردنی هێزی شوێندانەر دەکات.

لە کۆتابەشی قسەکانیشیدا "هیجری" باسی لە ئەرکەکانی ئەندامانی حیزبی کرد و ڕایگەیاند کە دەبێ تاک بە تاکی ئەندامانی حیزب بە وریاییەوە هەنگاو بنێن و قسە بکەن و پێکەوە بە خوێندنەوەی دروست و بە ئاکاری ڕێکوپێک هەوڵ بۆ بەهێزکردنی حیزبەکەمان بدەین.

دوابڕگەی کۆبوونەوەکەش بریتی بوو لە دەربڕینی ڕاوبۆچوون و پرسیاری بەشداربووان کە لەلایەن کۆڕگێڕەوە وڵام درانەوە.