کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەیەکی پێنج قۆڵی لە نێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستان بەڕێوەچوو

22:12 - 18 جۆزەردان 2716

کوردستان میدیا: پێنج هێزی سیاسیی کوردستانی سەر بە چوار پارچەی کوردستان، بە مەبەستی تاوتوێ کردنی بارودۆخی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان لە بێرنی وڵاتی سووئیس کۆبوونەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٥ی ژوئەنی ٢٠١٦ی زایینی، بە بەشداریی شاندێکی نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆبوونەوەیەکی پێنج قۆڵی لە نێوان هێزە سیاسییەکانی چوار پارچەی کوردستان کە بریتی بوون لە: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆمیتەی سووئیس، پارتی دێموکراتی کوردستان لیژنەی سووئیس، پارتی سوسیالیستی کوردستانی باکوور، پارتی دێموکراتی کوردستانی سووریە، پارتی یەکیتی کورد لە سووریە (یەکیتی) بەڕێوەچوو.

لەم کۆبوونەوەیەدا کە بە ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد، هەر کام لە لایەنە بەشداربووەکان باسێکیان لەسەر دۆخی هەنووکەیی پارچەکانی کوردستان پێشکەش کرد.

شاندی نوێنەرایەتیی حیزبیش کە بریتی بوون لە بەڕێزان ئازاد بیتاری، حەمید عەلیپوور و ئیبراهیم خەلیل ئیبراهیمی، باسێکی وردیان لە پێوەندی لەگەڵ دوا ئاڵوگۆڕەکانی ناوچە و سیاسەتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەمبارەوە و هەروەها سیاسەتی حیزبی دێموکرات بەرانبەر بە بەشەکانی دیکەی کوردستان هێنایە گۆڕێ.