کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆترەکانی نێو ئەشکەوتی سەهۆڵان دەفرۆشرێن

11:36 - 14 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: کۆترەکانی نێو ئەشکەوتی سەهۆڵان، لە لایەن کەسانێکی نەناسراوەوە دەفرۆشرێن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە ئەشکەوتی سەهۆڵان سەر بە شاری مەهاباد، کەسانێکی نەناسراو کۆترەکانی ئەو ئەشکەوتە دەفرۆشن و ئەوەش زیان بە دیمەنی نێو ئەشکەوتەکە دەگەینێت.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، باسی لەوە کرد، لەو ئەشکەوتەدا کەسێک بە ناوی "ل. ش" کار دەکات، کە دەستی لە فرۆشتنی ئەو کۆترانەدا هەیە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە ڕاپۆرتەکەیدا باسی لەوەش کرد، ئەو کەسانە به هۆی گرانی و دۆخی نالەباری ئابوورییەوە دەستیان بە فرۆشتنی ئەو کۆترانە کردووە.

ئەشکەوتی ئاویی مێژوویی سەهۆڵان، یەکێکە لە گرینگترین و بێوێنەترین ئەشکەوتە سروشتییەکانی کوردستانە.
ئەم ئەشکەوتە لە گوندی سەهۆڵان، لە ٤٢ کیلومێتریی ڕۆژهەڵاتی باکووری مەهاباددا هەڵکەوتووە.

لێکۆڵینەوەکانی زەویناسان نیشان دەدات، کە پێشینەی ئەم ئەشکەوتە بەپێی چالاکییەکانی زەویناسی بۆ ٧٠ میلیۆن ساڵ پێش دەگەڕێتەوە. 
بۆ یەکەمجار، ئەم ئەشکەوتە ١٠٠ ساڵ پێش لە لایەن ژاک دیمۆرگانی فەڕانسەوی کەوتە بەر پشکنین و لێکۆڵینەوه. پاشان لە ساڵانی شەڕی دووهەمی جیهانیدا لە لایەن وەفدێکی بریتانیاییەوە دیسان توێژینەوەی لەسەر کرا.