کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆرۆنا بە قەد نیوەی بودجەی یەک ساڵ زیانی بە ئێران گەیاندووە

12:08 - 8 بەفرانبار 2720

بەپێی ئامارێک کە لەبارەی کاریگەریی کۆرۆنا لەسەر ئابووریی ئێران بڵاو کراوەتەوە، دەرکەوتووە کە کۆرۆنا بە قەد نێوەی بودجەی یەک ساڵ زیانی بە ئێران گەیاندووە

لەو ئامارەدا هاتووە، ئەمساڵ ئێران لەگەڵ کەمیی داهاتی نەوت و ماڵیات و بەرزبوونەی تێچووەکانی نەخۆشخانە و دەرمان بەرەڕوو بووەتەوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە کۆرۆنا زیانی بە کڕین و فرۆشتن گەیاندووە و بەرهەمهێنان لە کاتی کۆرۆنادا ٦٥ لەسەد دابەزیوە. ٥٩ لەسەدی کاسبی و کاری خەڵک کەمی کردووە. هەروەها ٥٧ لەسەدی کارگەکان بەهۆی نەبوونی مادەی خاو تووشی کێشەی بەرهەمهێنان بوونە.

بەهۆی نەخۆشیی کۆرۆنا سێ ملیۆن کەس بێکار بوونە و نزیک بە ٧ ملیۆن کەس کارەکانیان لەدەست داوە. هاوکات زیاتر لە ١١ میلیارد تمەن زیان بە بەشی وەرزێڕی و ئەمنییەتی خۆراک گەیشتووە.

٨٠ لەسەدی ئەو باخدارانەی کە کەمتر لە ٥ هێکتار باخیان هەیە، زیاترین زیانیان بەرکەوتووە. لە بەشی بازرگانیشدا ١٦ میلیارد تمەن زیان بە ئابووریی ئێران و بەشەکانی دیکەش وەک خزمەتگوزاری، فەرهەنگ و گەشتیاری گەیشتووە.