کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆرۆنا بەردەوام قوربانی دەگرێت

12:27 - 17 رێبەندان 2719

ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە پەرەسەندندایە و ڕێژەی قوربانییان و تووشبووان بەو ڤایرۆسە بەردەوام لە زیادبووندایە.

کومیسیۆنی تەندروستیی نەتەوەیی چین لە بەیانییەیەکدا، دوایین ئامارەکانی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای بڵاو کردەوە کە تا ئێستا ٥٦٣ کەس لە سەرتاسەری ئەو وڵاتەدا بەهۆی تووشبوون بەو ڤایرۆسەوە گیانیان لەدەست داوە.

لە بەیانییەی کومیسیۆنی تەندروستیی نەتەوەیی چیندا هاتووە کە هەژماری تووشبووان بە ڤایرۆسی "نۆڤێل کۆرۆنای ٢٠١٩"، سنووری ٢٠ هەزار کەسی تێپەڕاندووە کە دۆخی ٢٧٨٨ کەسیان نالەبار ڕاگەیەندراوە.

ئەو ڤایرۆسە بۆ یەکەمجار لە ١٢ی دێسامبر، لە شاری "ڤوهان" و لە بازاڕێکی فرۆشتنی خواردنە دەریاییەکان  دەرکەوتووە.

لە ماوەیەکی کورتدا ئەو ڤایرۆسە زۆربەی شارەکانی چینی گرتەوە و ئەو وڵاتە بۆ پێشگرتن لە تەشەنەکردنی، هاتوچۆ و گواستنەوەی لە ١٣ شاردا ڕاگرت کە دواتر ڤایرۆسەکە هەندێک لە وڵاتانی دیکەی جیهانیشی گرتەوە.

هەروەها هەندێک لە زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشتووەتە ئێران، بەڵام تا ئێستا پشتڕاست نەکراوەتەوە و بەرپرسانی ڕێژیمیش لەو بارەیەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.