کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆرۆنا بەردەوام هەڕەشە لە گیانی خەڵکی کوردستان و ئێران دەکات

10:58 - 10 رەشەمه 2719

ئامارە نافەرمییەکان باس لە گیانلەدەستدانی ٢١٠ کەس بەهۆی کۆرۆناوە لە ئێران و کوردستاندا دەکەن و هەروەها ئەو ڤایرۆسە و بڵاوبوونەوەی بووەتە هۆی زیانێکی جیهانیی گەورە.

ڕۆژی هەینی، ٩ی ڕەشەمە، هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە ڕاپۆرتێکدا، لە زاری چەند سەرچاوەیەکی هەواڵییەوە بڵاوی کردووەتەوە کە بەپێی ئامارگەلی نافەرمی، ٢١٠ کەس لە ئێران و کوردستاندا بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەست داوە.

هەروەها هەندێک سەرچاوەی دیکە باسیان لە گیانلەدەستدانی ١٣٧ کەس بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە کردووە.

ڕێژیمی ئێران باسی لە گیانلەدەستدانی ٣٤ کەس کردووە، بەڵام ئاماری قوربانییان زیاتر لەوانەن و ڕێژیم ئامارێکی ڕاستەقینە لە تووشبووان و قوربانییانی ئەو ڤایرۆسە بڵاو ناکاتەوە و هیچ ڕێکارێکی دروستی بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو ڤایرۆسە نەگرتووەتە بەر.

هەروەها ڕۆیتێرز بڵاوی کردووەتەوە کە بەهۆی تەشەنای ئەو ڤایرۆسەوە، نرخی هەر بەرمیل نەوت بۆ نزیکەی ٥٠ دۆلار دابەزیوە. هەروەها وتوویەتی، ئەندامانی ئۆپێک دابەزینێکی زیاتر بۆ نرخی نەوت چاوەڕوان دەکەن.

هەر لەو پەیوەندییەدا، هەواڵدەرییەکانی خودی ڕێژیمی ئێران بڵاویان کردووەتەوە، خەڵکی شارۆچکەی "تەوحید"ی بەندەر عەباس، بە گومانی ڕاگرتنی نەخۆشی کۆرۆنایی لە نەخۆشخانەی ئەو شارۆچکەیە، ئاگریان لە نەخۆشخانەکە بەرداوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا باس لەوە کراوە کە ئەو نەخۆشانەی کە لەو نەخۆشخانەیە ڕاگیراون لە قومەوە براونەتە بەندەر عەباس و خەڵک بەو هۆیەوە ئاگریان لە نەخۆشخانەکە بەرداوە.

ڕێژیمی ئێران لەجیاتی پێشگرتن بە تەشەنای زیاتری ئەو نەخۆشییە، زیاتر هۆکاری بڵاوبوونەوە و گشتگیرتربوونی ئەو ڤایرۆسەیە.