کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆرۆنا حەشدی شەعبیی گەڕاندەوە کۆڵان و شەقامەکانی ئێران

19:25 - 17 خاکەلێوه 2720

حەشدی شەعبیی عێراق سەر بە ڕێژیمی ئێران بەناوی گەنبڕکردنی کۆڵان و شەقامەکانی شاری قوم گەڕاونەتەوە ئەو شارە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، دەستەیەک لە هێزەکانی "حەشدی شەعبی"، ڕۆژی شەممە ١٦ی خاکەلێوە، بەناوی گەنبڕکردنی کۆڵان و شەقامەکان چوونەتە شاری قوم.

ئەمە لەکاتێکدایە کە ڕێژیمی ئێران باس لەوە دەکات کە "حەشدی شەعبی"، سەر بە ڕێژیمی ئێران نییە، بەڵام لە هەمان حاڵدا وەک هێزێکی دەرەکی بۆ گەنبڕکردنی ناوەندی ئایینیی ڕێژیمی ئێران ڕێگەیان پێدراوە کە بچنە قوم.

لە بەرانبەردا ڕێژیمی ئێران ماوەیەک پێش ئیستا یارمەتییەکانی ڕێکخراوی "پزیشکانی بێسنوور"ی ڕەت کردەوە و ئیزنی یارمەتی گەیاندنی ئەو ڕێکخراوەی بەو گرووپە نەدا.

هاوکات ئەمە لەکاتێکدایە کە ناکۆکییەکانی نێوان ئامریکا و میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە عێراقدا پەرەی گرتووە.

هەروەها ڕۆیشتنی "حەشدی شەعبی" بۆ نێو خاکی ئێران لەحاڵێکدایە کە تەواوی سنوورەکان داخراون، بەڵام ڕێژیمی ئێران تا ئیستاکەش بڕیاری دابڕگەکردنی گشتیی نەداوە.