کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆرۆنا دۆخی شارەکانی کوردستانی خستووەتە دۆخێکی مەترسیدارترەوە

11:23 - 13 خەزەڵوەر 2720

دۆخی هەموو شارەکانی کوردستان بەهۆی کۆرۆناوە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە دۆخێکی مەترسیدار و نالەبار تێدەپەڕێت  و نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەکانیش وەک پێویست وەڵامدەری پێڕاگەیشتن بەو ڕێژە زۆرەی تووشبووان نین.

پارێزگاری ڕێژیم لە سنە باسی لەوە کردووە: "بەهۆی کۆرۆناوە لە ڕۆژی چوارشەممەوە بۆ ماوەی دە ڕۆژ دووکان و بازاڕ و شوێنە گشتییەکانی شارەکانی بانە، بیجاڕ، سەقز، سنە، کامێران و مەریوان دادەخرێن".

هەروەها سەرۆکی زانکۆی زانستی پزیشکیی کوردستان وتوویەتی: "هەتا ئێستا زیاتر لە ٧٦٦ تەختی نەخۆشخانەکانی پارێزگای سنە کە دەکاتە ٣٠ لەسەدی هەموو تەختەکان، تایبەت کراوە بە تووشبووانی کۆرۆنا. دۆخی ئێستای پارێزگا، دۆخێکی قەیراناوییە".

هەر لەو پەیوەندییەدا ناوبراو وتوویەتی: "لە نەخۆشخانەکانی مەریوان ٥٠ لەسەدی تەختەکانی ئەو ناوەندانە بۆ تووشبووانی کۆرۆنا تەرخان کراوە".

هەروەها لە "جوانڕۆ" کێشەی نەبوونی ئۆکسیژێن و کەمیی پەرستار هەیە و وەکوو پێویست بە نەخۆشەکانی ئەو شارە بەتایبەت تووشبووانی کۆرۆنا ڕاناگەن.

هاوکات لە ڕێگای نێوان شنۆ بۆ مەرگەوەڕ، چوونەژوورەوەی ئەو ماشینانەی کە پلاکیان تایبەت بەو شارەیان نییە قەدەغە کراوە و بۆ ماوەیەک بەهۆی کۆرۆناوە  دابڕگە ڕاگەیەندراوە.