کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆرۆنا، قەیران یان دەرفەت؟

13:04 - 17 بانەمەڕ 2720

دڵنیا لوتفی

ئەو کەسانەی کە خاوەن بیر و دەروونێکی ئازادیخوازن، بەو باوەڕە گەیشتوون کە هەر بەربەستێک دەتواندرێت بکرێت بە دەرفەتێک.

پاش سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، ناسراو بە "کۆڤید ١٩" و بڵاوبوونەوەی بە شێوەیەکی خێرا لە جیهاندا، کۆمەڵێک مرۆڤ تەنیا بەهۆی ڤایرۆسێکەوە لە جیهاندا گیانیان لەدەست دا و نەبوونی دەرمان یان واکسینێک بۆ چارەسەرکردنی ئەو پاندێمییە، وڵاتانی ناچار بە پێشگیرییەک لە ڕەنگی دابڕگەکردن و دژەگەندکردن کرد کە ئەمە بوو بەهۆی دەرکەوتنی کۆمەڵێک جیاوازی لەنێوان وڵاتەکاندا بەتایبەت جیاوازیی لێکەوتەکانی ئەو پەتایە لە ئێراندا لەگەڵ جیهان.

لە سەرەتای سەرهەڵدانی ئەو ڤایرۆسە لە شاری "ووهان" لە وڵاتی چین و بڵاوبوونەوەی، هەر لە یەکەم ڕۆژەکانەوە ئەو وڵاتە بڕیاری دابڕگەکردنی شارەکەی بەگشتی دا و زۆربەی وڵاتان گەشتە ئاسمانییەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە ڕاگرت. لەلایەکی ترەوە ڕێژیمی ئێران کە لە قەیرانی ڕەوایەتیدا مابووەوە و خەڵکی وڵاتەکە بە هەموو نەتەوەکانەوە کە لەژێر دەسەڵاتی داگیرکارانەی ئەو ڕێژیمەدان، لە هەوڵی خۆ ڕێکخستنەوە و جووڵەیەکی گشتگیر بوون، ڕێژیمی ئێران بە هێنانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ نێو وڵاتەکەی، خەڵکی سەرقاڵ بەو ڤایرۆسەوە کرد تا هەم کوشتارێکی بەکۆمەڵ ڕێ بخات و هەم کۆنترۆڵی دۆخەکە بگرێتەوە دەستی.

لە هەموو وڵاتانی جیهان بەتایبەت وڵاتە دێموکراتیک و فێدێراڵەکان کە دەسەڵاتی وڵاتەکە خەڵک تەوەرە، حکوومەت هەموو هەوڵە پێشگیرانە و خزمەتگوزارییەکانی بۆ خەڵک ئەنجام دا بەڵام لە ئێراندا، ڕێژیم کەڵکی سیاسی و عەقیدەتیی لەو دۆخە وەرگرت و سەرەڕای ئەوەی کە بڕیاری دابڕگەکردنی گشتیی بە شێوەیەکی جیددی دەرنەکرد، بۆ هەڵخەڵەتاندنی بیری گشتی "ڕژەی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ کۆرۆنا"ی بەڕێوە دەبرد یان هەندێک کردەوەی بەناوی یارمەتیدانی خەڵکەوە ئەنجام دەدا کە لە ئەساسی خۆیدا بەستێنسازی بۆ بڵاوکردنەوەی بیری خورافەیی بۆ مسۆگەرکردنی دەسەڵاتەکەی خۆی بوو و هەروەها زیاتر تێوەگلانی خەڵک بەو قەیرانە جیهانییەوە بوو.

ڕێژیمی ئێران کە وەک ڕێژیمێکی قەیرانساز دەتوانین پێناسەی بکەین، ڤایرۆسی کۆرۆنای وەک دەرفەتێک شک برد و لە ڕێگای جیاوازەوە وەک: "بەڕێکردنی ئاخوندەکانی قوم لە ناوەندی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بۆ شارەکانی ئێران و کوردستان، بەردەوامبوونی کار و ئەرکی ئیدارە و شیرکەت و کارگاکان، درۆی سیستماتیک سەبارەت بە هەبوونی ئەو ڤایرۆسە لە ئێراندا و..." وەک ئۆختاپووسێک باڵی بەسەر تەواو وڵاتەکەدا کێشا و دۆخەکەی قەیراناویتر کردەوە تا دەرفەتی بۆ بڕەخسێت، بۆ جارێکی تر خۆ ڕێکخستنەوەی.

لێکەوتەکانی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران و جیهان جیاوازییەکی بەرچاوی هەیە کە هەڵدەگەڕێتەوە بۆ شێوازی دەسەڵاتداریی وڵاتانی جیهان.

لێکەوتەکانی ئەو ڤایرۆسە لە وڵاتگەلێک کە سیستمی حاکم بەسەر کۆمەڵگادا لە خودی خەڵکەوە سەرچاوە دەگرێت وەکوو وڵاتانی دێموکراتیک و فێدێراڵ و بەگشتی زۆربەی وڵاتانی جیهان لەگەڵ وڵاتگەلێک وەکوو ئێران جیاوازیی هەیە کە ئەو جیاوازییە لە ئێراندا بووەتە هۆی دروستبوونی دەرفەتێک بۆ خەڵکی کۆمەڵگا و چالاکانی مەدەنی و سیاسی و ئەو کەسانەی کە بە هەر شێوازێک زامچەشتووی دەسەڵاتی سەرەرۆی چەند ساڵەی ئەو ڕێژیمەن.

لەم بەشە لە بابەتەکەدا جیاوازیی نێوان ئەو لێکەوتانە و کاردانەوەی وڵاتان بەرانبەری باس دەکەین و تەکووزی زیاتر دەکەینە سەر لێکەوتە و بەرەوڕووبوونەوەکان لەگەڵ لێکەوتەکانی لە ئێراندا و هۆکاری جیاوازیی ئەو لێکەوتانە.

لە وڵاتانی جیهاندا پاش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بڕیاری دابڕگەکردن لەلایەن دەسەڵاتەوە دەرکرا و دابرگەیەکی گشتگیر هاتە ئاراوە و وڵاتان بەگشتی داخران، هەروەها دژەگەندکردن و خاوێنکردنەوەی شارەکان لەلایەن حکوومەتەکانەوە بە شێوەیەکی زانستی بەڕێوە چوو؛ لە بەرانبەردا لە ئێران سەرەتا ڕێژیم بۆ بەڕێوەبردنی ئامانجەکانی خۆی کە بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی شورای مەجلیسی خوبرگانی ڕێژیم بوو، نکۆڵیی لە هەبوونی ئەو پەتایە لە ئێراندا کرد و پاش ئەوەی کە دوای ماوەیەک دانی بە هەبوونی ئەو پەتایە لە ئێراندا نا، سەرەڕای داواکاریی زۆری خەڵک و چالاکانی مەدەنی، ڕێژیم بڕیاری دابڕگەکردنی شارەکانی نەدا و دابڕگەکردن بە شێوەی خۆمەش لەلایەن خەڵکی شارەکانەوە بەڕێوە چوو تا سەرەنجام ڕێژیم ناچار بە دابڕگەکردنێکی ناتەواو بوو و هەر بۆیە خەڵک لەو بێکیفایەتیی ڕێژیمدا هەستان بە پێکهێنانی کەمپەین کە ئەمە بەتایبەتی لە شارەکانی کوردستاندا زیاتر بەرچاو دەکەوت و شار و گوند و کۆڵان و شەقامەکانیان دژەگەند کرد کە ئەمانە لە ئەرکەکانی سیستەمی حاکم بەسەر ئەو وڵاتەدا بوو.

خاڵێکی دیکە دابینکردنی پێداویستی و بژێویی ژیان بۆ خەڵک لە وڵاتانی جیهان لەلایەن دەوڵەتەکانەوە و وەک ئەرک بەرێوە چوو بەڵام لە ئێراندا سەرەکیترین شت پڕبوونی خەزانەی ڕێژیمە و هیچ گرینگییەک بە دۆخی ژیانی خەڵک نادرێت، هەر بۆیە خەڵک پەیڕەوییان لە یاسای دابڕگەکردنی خۆمەشیش نەکرد و دۆخەکە بە هاتنە دەرەوەی ناچاریی خەڵک لە ماڵەکاندا بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانیان قەیراناویتر بوو و لەم نێوانەدا دیسان خەڵک بەهانای یەکترەوە چوون و لە چوارچێوەی کەمپەین و ڕێکخراوە خێرخوازییە خەڵکییەکان و ئەنجومەنەکاندا دەستیان کرد بە کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ خەڵکی هەژار و کەمداهات کە ئەم کردەوەیە زۆرترین ڕەنگدانەوەی لە کوردستانی رۆژهەڵاتدا دەبیندرا و تەنیا لە وڵاتی ئێراندایە کە خەڵک قۆڵیان لە بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ قەیرانەکاندا هەڵدەماڵن.

خاڵێکی جێی سەرنجی دیکە دابینکردنی کەرەستەی تەندروستی و پێداویستییەکان بۆ کادری دەرمانی و پزیشک و پەرستارەکانە کە لە وڵاتانی جیهاندا بە ملیۆنان دۆلار بۆ دابینکردنی کەرەستەی پزیشکی و تەندروستی لەلایەن دەسەڵاتەکانەوە تەرخان کرا، بەڵام لە بەرانبەردا ڕێژیمی ئێران تەنانەت یارمەتییە نێودەوڵەتییەکانیش دەدزێت و لە بازاڕە ڕەشەکاندا بە خەڵکی دەفرۆشیتەوە و لەلایەکی دیکەشەوە دابین نەکردنی پێداویستییە پزیشکییەکان وەک جلوبەرگ و دەستەوانە و دەمامک و هتد بۆ نەخۆشخانەکان دۆخەکەی شپرزەتر کردووە و بووە بەهۆی گیانلەدەستدانی کۆمەڵێکی بەرچاو لە پزیشک و پەرستارەکان لە ئێران و کوردستاندا.

هەر وەک کێشە و بێکیفایەتییەکانی دیکەی ڕێژیم لەم بوارەشدا، خەڵکی کوردستان پێشەنگی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو دۆخە بوون و لە ڕێگای کەمپەینەکانەوە دەستیان کرد بە دوورینی دەمامک و دابینکردنی پێداویستییە تەندروستییەکان و بڵاوکردنەوەیان لەنێو خەڵک و نەخۆشخانەکاندا.

وەکوو دوایین سیاسەتی چەوتی ئەو ڕێژیمە کە لەم ڕۆژانەدا بەرگی کردەوەی لەبەر کرا، کرانەوەی شوێنە گشتییەکانی وەک مزگەوت و قوتابخانەکان و هەندێک لە سینفەکان بوو کە پاش هێنانە خوارەوەی سیستماتیکی ئاماری تووشبووان و قوربانییانی ئەو ڤایرۆسە بە مەبەستی پتەوکردنەوەی بناخەی باوەڕەکانی خۆیان کە سەرچاوە لە ئایینی ساختەی ویلایەتی فەقیهیی خۆیانەوە دەگرێت و هەروەها زیاتر تێوەگلانی خەڵک ئەنجام درا و بۆ پاساوی ئەو کردەوە کە دژ بە گیان و ساغڵەمیی خەڵکە، فەلسەفەچنینگەلێکی کرد کە گوایە بۆ چارەسەریی دووجەمسەریگەلێکی کۆمەڵایەتی وەک: "دووجەمسەریی زانست و ئایین" و "دووجەمسەریی نان و گیان"، ئەنجام دراوە.

لەو قەیرانە جیهانییەدا کە لە ئێراندا چەند قات زیاتر لە وڵاتانی جیهانە و ڕێژیمی دەسەڵاتدار بەردەوام بە دوای لە قەیراندا نوقمکردنی خەڵکی وڵاتەکەیە، خەڵکی کوردستان و چالاکانی سیاسی و مەدەنی ئەو قەیرانەیان کردووە بە دەرفەتێک بۆ یەکڕیزیی زیاتر و دەرخستنی ڕاستییەکان بەنیسبەت تاوانەکانی ڕێژیمی ئێران بەرانبەر بە خەڵک و نەتەوەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەو سیستمە حاکمە.

لە ڕاستیدا کێشەکان، بەتایبەت کێشە کۆمەڵایەتییەکان و دیاردە دزێوەکان لەم دۆخەی ئێستادا لە سێبەری پەلهاویشتنی ئەو ڤایرۆسەدا بەهۆی مانەوەی دەستەیەک لە خەڵک لە ماڵەکاندا و هەروەها ڕاوەستانی کار و پیشەی زۆربەی خەڵک، بەرەو خراپتربوون دەڕوات کە ڕێژیم ئەمە بە دەرفەتێک دەزانێت بۆ لەنێوبردنی دژبەرانی و پێویست دەکات کە خەڵک دژ بە سیاسەتە چەوتەکانی ئەو ڕێژیمە بۆ تێوەگلانی زیاتریان لەو قەیرانە ساختانەدا، بجووڵێنەوە و وەک دەرفەتێک بۆ تێکهەڵپێچانی ئەو سیستمە کەڵکی لێ وەربگرن.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.