کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆرۆنا لە سەردەشت ڕۆژانە کارەسات دەخولقێنێت

18:17 - 11 خەزەڵوەر 2720

بەهۆی دۆخی خراپی کۆرۆنا و ڕێژەی زۆری تووشبووان و گوشاری بەرپرسانی نەخۆشخانەکان بۆ مانەوەی پێرسۆنێلی تووشبوو لەسەر کارەکانیان، پەرستارێک لە سەردەشت گیانی لەدەست دا.

بەپێی زانیارییەکان لە شاری سەردەشت ڕۆژانە زیاتر لە ٨٠ کەس و زۆرجار زیاتر لە ١٠٠ کەس تووشی کۆرۆنا دەبن.

ئەو ئامارەش تەنیا هی بەشێک لەو خەڵکەیە کە داوای تێستی کۆرۆنایان داوە و لە بنەڕەتدا ئامارەکان زۆر زیاتر لەوانەن.

دوکتورێک لە شاری سەردەشت وێڕای پشڕاستکردنەوەی زانیارییەکان ڕایگەیاندووە: "زیاتر لە ٧٠ لەسەدی پێرسۆنێلی نەخۆشخانە و ناوەندە دەرمانییەکان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونە".

ئەو دوکتورە هەروەها ڕایگەیاندووە، ڕێژیم بەهۆی نەبوونی ئیمکانات و پەرستار، ئیزنی ئیسراحەت بە پەرستارەکان نادات و هەڕەشەیان لێ دەکەن ئەگەر کار نەکەن مووچە وەرناگرن.

ئەو گوشارەی نەخۆشخانەکان لەسەر پەرستاران لەو شارەدا بووەتە هۆی ئەوەیکە پەرستارێک بە ناوی "سامان قادری" بەهۆی کۆرۆناوە گیانی لەدەست بدات.