کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆرۆنا لە شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات هەروا قوربانی دەگرێت

18:45 - 28 جۆزەردان 2720

تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات دۆخێکی مەترسیداری پێک هێناوە و ڕێژەی قوربانییان و تووشبووان بەم نەخۆشییە بەتوندی لە هەڵکشاندایە.

بەپێی ئامارەکان لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو لە پارێزگای سنە ٣٣ کەس بەهۆی نەخۆشیی کۆرۆناوە گیانیان لەدەست داوە.

هەروەها ٢٨٣ کەسی دیکە لەو پارێزگایە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و کۆی گشتیی تووشبووان بەم نەخۆشییە گەیشتووەتە ٦ هەزار و ٥٤١ کەس.

هاوکات لە پارێزگای کرماشان لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو، ٤ کەسی دیکە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەست داوە.

بەرپرسی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کرماشان ڕایگەیاندووە، ڕێژەی تووشبووان بە نەخۆشیی کۆرۆنا بە ڕادەیەک زۆر بووە کە نەخۆشخانەکانی ''فارابی و گۆلستان'' لەو شارە جێگای نییە کەسانی تووشبوو بەم نەخۆشییە وەربگرێت.

ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بۆکان دۆخێکی مەترسیداری دروست کردووە و لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو ٨ کەس لەو شارەدا گیانیان لەدەست داوە.

جێگری تەندروستیی زانکۆی زانستە پزشکییەکانی پارێزگای ئیلام باسی لەوە کردووە کە دۆخی شارەکانی ''بەدەرە و ئابدانان'' لە حاڵەتی سووردایە.

هەروەها لە ئاستی ئێراندا، بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم، لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو ١٢٠ کەس گیانیان لەدەست داوە و ٢ هەزار و ٦١٢ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.

بەم پێیە کۆی گشتیی تووشبووان بەم نەخۆشییە لە ئێران گەیشتووەتە ١٩٥ هەزار و ٥١ کەس، هەروەها ٩ هەزار و ١٨٥ کەسیش بوونەتە قوربانی.