کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆرۆنا لە شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات ژیانی خەڵکی گەمارۆ داوە

13:26 - 28 جۆزەردان 2720

ڤایرۆسی کۆرۆنا شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی تەنیوە و ڕێژەی قوربانییان و تووشبووان بەم نەخۆشییە بەردەوام لە هەڵکشاندایە و دۆخی شارەکانی کوردستانی بەرەو قەیران بردووە.

بەپێی زانیارییەکان، کۆرۆنا لە مەریوان لە قۆناغی کارەسات تێپەڕیوە. بەپێی بەراوردێک کە لە ئاماری ڕۆژانەی کەسانێک کە بۆ نەخۆشخانە و دەرمانگاکانی شار سەردان دەکەن، ڕۆژانە زیاتر لە ٥٠٠ کەس نیشانەکانی نەخۆشیی کۆرۆنایان هەیە، بەڵام ئاماری فەرمیی ڕێژیم زۆر کەمتره.

لە نەخۆشخانەی ''بوعەلیـ"ـی مەریوان کە بەشی تایبەت بە کۆرۆنا لەوێ دانراوە، هەموو تەختەکان پڕ بوون و  لە بەشەکەنی دیکە کە تایبەت بە نەخۆشیی کۆرۆنا نییە، نەخۆشەکان دەخەوێنن.

هاوکات نەخۆشخانەی ''فەجر'' کە تایبەت بە نەخۆشییەکانی دیکەیه، تووشبووان بە کۆرۆنا لەوێ دەخەوێنن.

تەشەنەسەندنی ئەم نەخۆشییە لە ئاستێکدایە کە لە بانە سەرجەم پاساژ و شوێنە بازرگانییەکان لە ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەدا دادەخرێن.

شارەکانی سەر بە پارێزگای کرماشان وەکوو: "شائاباد، پاوە، سونقور، جوانڕۆ و سەرپێلی زهاو" لە دۆخی سووردان.

پاوە لەلایەن خەڵکی ئەو شارەوە قەرەنتینە کراوە و ڕێگا نادرێت کە خەڵکی دیکە لە شارەکانی دیکەوە ڕوو لە پاوە بکەن.

بەرپرسی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کرماشان ڕاگەیاندووە، ڕێژەی تووشبووان بە نەخۆشیی کۆرۆنا بە ڕادەیەک زۆر بووە کە نەخۆشخانەکانی ''فارابی و گوڵستان'' لەو شارە جێگای نییە تووشبووی دیکە وەربگرێت.

هاوکات جێگری تەندروستیی زانکۆی زانستە پزشکییەکانی پارێزگای ئیلام باسی لەوە کردووە کە دۆخی شارەکانی ''بەدەرە و ئابدانان'' قەیرانییە.

جێگری پارێزگاری ورمێ ڕایگەیاندووە کە ئەم پارێزگایە دۆخێکی سووری هەیە و ڕۆژانە بە شێوەی نێونجی، زیاتر لە ١٠ کەس دەبنە قوربانی.

لە نەغەدە پزیشکێک باسی لەوە کردووە کە تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە حاڵەتی کۆنترۆڵ دەرچووە و دەبێ هەر کەسە و بۆ خۆی پزیشکی خۆی بێت.