کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆرۆنا لە کرماشان و ئیلام هێڵی سووری تێپەڕاند

18:29 - 11 جۆزەردان 2720

بەهۆی تووشبوونی ڕێژەیەکی بەرچاو لە خەڵکی دوو پارێزگای کرماشان و ئیلام بە کۆرۆنا، ئەم پەتایە هێڵی سووری تێپەڕاند.

''مەهدی محەممەدی''، سەرۆکی کۆمیتەی ڕاگەیاندنی ستادی بەڕێوەبەریی کۆرۆنا لە زانکۆی زانستی پزیشکیی کرماشان وتوویەتی، تووشبووانی کۆرۆنا لە کرماشان ڕێکۆردی شکاند و لە ماوەی شەو و ڕۆژی ڕابردوودا، ٢٠٠ حاڵەتی تووشبووی نوێ تۆمار کراوە.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە بە بەراورد لەگەڵ مانگی بانەمەڕ، ئەو ڕێژەیە زۆرتر بووە. لە مانگی ڕابردوو و لە ٢٤ کاتژمێردا، ٩٩ تووشبوو تۆمار کرابوو.

هەروەها لە ئیلام لە ماوەی ٢٠ ڕۆژی ڕابردوو، تووشبووان بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و ئاماری قوربانییان پەرەی سەندووە.

 پارێزگاری ئیلام دانی بەوەدا ناوە کە ئاسایی نیشاندانی بارودۆخەکە لەلایەن ڕێژیمەوە زۆر لە ڤایرۆسەکە مەترسیدارترە.

قسەکانی ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم، پەردەلادانە لەسەر درۆ و چەواشەکارییەکانی ڕێژیم لەهەمبەر ئامارەکان و ئاسایی نیشاندانی بارودۆخەکە.

هەروەها ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم بەنیسبەت زیاتر پەرەسەندنی ئەو ڤایرۆسە لەو پارێزگایە هۆشداریی بە خەڵک و بەرپرسانی ڕێژیم داوە کە دۆخەکە زۆر لەوە مەترسیدارترە کە باسی لێوە دەکرێت.