کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆرۆنا لە کوردستان بێدەنگیی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێرانی شکاند

13:26 - 9 جۆزەردان 2720

لە کوردستانی ڕۆژهەڵات تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەردەوام ڕووی لە بەرزبوونەوەیە و ئاماری تووشبووان و قوربانییانی کۆرۆنا بەردەوام بەرز دەبێتەوە.

لە پارێزگای ورمێ دۆخی چەند شاری دیکە بەهۆی تەشەنەسەندنی کۆرۆناوە نائاسایی ڕاگەیەندراوە و ڕۆژی ڕابردوو چەند هاووڵاتی لە مەهاباد بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەست دا.

لە سەردەشت چالاکانی مەدەنی هۆشدارییان داوە کە ڕێژەی تووشبووان بە کۆرۆنا بەردەوام ڕووی لە بەرزبوونەوەدایە.

لە پارێزگای سنه، ڕێژیم ئاماری تووشبووان بە کۆرۆنا بڵاو ناکاتەوە و لە شارەکانی بانە، مەریوان و سەقز ڕێژەی تووشبووان لەو ئامارەی کە ڕێژیم بڵاوی دەکاتەوە زیاترە.

لە کرماشان کاربەدەستانی ڕێژیم بێدەنگییان شکاند و وتوویانە کرماشان دۆخی قەیرانیی تێپەڕاندووە و ڕێژەی تووشبووان بەردەوام بەرز دەبێتەوە.

لە شارەکانی ئیلام چەند هاووڵاتی بەهۆی تووشبوون بە کۆرۆناوە گیانیان لەدەست داوە.

چالاکانی مەدەنی باس لەوە دەکەن، بنکە و ناوەندە تەندروستییەکان لەبارەی کۆرۆناوە هەواڵێکی ڕاست بە خەڵک نادەن، ئەوەش دەبێتە هۆی فریودانی ڕای گشتی کە کۆرۆنا نەماوە.

هاوکات "حەسەن ڕووحانی"، سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران وتوویەتی، خەڵک دەبێ بۆ ژیان لەگەڵ کۆرۆنا ڕابێن.

ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران و کوردستان بەردەوام ڕووی لە تەشەنەسەندنە و کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێرانیش قەدەغەی هاتوچۆیان ‌هەڵگرتووە.