کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆرۆنا لە کوردستان بە شێوەی خێرا بڵاو دەبێتەوە

17:37 - 4 بانەمەڕ 2720

لە هەندێک لە گوندەکانی قوروە کۆرۆنا بە شێوەیەکی مەترسیدار بڵاو بووەتەوە و ئەمە بووە بەهۆی نیگەرانیی خەڵکی ئەو ناوچەیە و دابڕگەکردنی شوێنەکانی تووشبوو.

بەپێی هەندێک زانیاریی بڵاوکراوە، لە ژمارەیەک لە گوندەکانی "قوروە" سەر بە پاریزگای سنە، ڤایرۆسی کۆرۆنا بە شێوەیەکی مەترسیدار بڵاو بووەتەوە و ئەمە نیگەرانیی خەڵکی بە دواوە بووە.

هەروەها یەکێک لە گوندەکانی ئەو ناوچەیەش بە تەواوەتی دابڕگە کراوە کە لە ئەگەری ئەنجامنەدانی هەوڵێکی جیددی بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو دۆخە، خەڵکی ناوچەکە لەگەڵ کارەساتێکی جیددی بەرەوڕوو دەبنەوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا سەرەڕای شپرزەبوونی دۆخی سەقز بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، گوندەکانی ئەو شارەش تووشی مەترسی بوونە و لەگەڵ هەڕەشەی مەرگ بەهۆی پەتای کۆرۆناوە بەرەوڕوون.

ڕێژیم لە خزمەتگوزاری گەیاندنی دروست و زانستی بۆ خەڵک خۆی دەبوێرێت و نەخۆشخانەکانیش نەخۆشە کۆرۆناییەکان وەرناگرن و دەیاننێرن بۆ ماڵەوە کە خۆیان دابڕگە بکەن.