کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆرۆنا لە کوردستان بەردەوام گیانی هاووڵاتییان دەستێنێت

13:09 - 30 جۆزەردان 2720

 ئاماری تووشبووان و قوربانییانی کۆرۆنا لە کوردستان و ئێراندا بەردەوام ڕووی لە بەرزبوونەوە دایە و دۆخی پارێزگاکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات قەیرانییە.

لە پارێزگای سنە دۆخی ئەو شارە هەتا ئاستێک قەیرانییە کە خەڵک بەنیسبەت کەمتەرخەمیی ڕێژیم ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و ڕایانگەیاندووە ئەگەر کاربەدەستان کارێک ناکەن با خەڵک خۆیان هەوڵ بدەن.

ئاماری قوربانییانی کۆرۆنا لە پارێزگای سنه بەردەوام بەرز دەبێتەوە و لە نەخۆشخانەی "تەوحید" شوێن بۆ خەواندنی نەخۆشەکانی تووشبوو بە کۆرۆنا نییە.

بەپێی ئامارەکانی ڕێژیم هەتا ئێستا لە پارێزگای سنه نزیک بە ٣٠٠ کەس بە کۆرۆنا گیانیان لەدەست داوە.

لە پارێزگای ئیلام ڕێژیمی ئێران هیچ زانیارییەک لەبارەی نەخۆشیی کۆرۆنا بڵاو ناکاتەوە.

لە پارێزگای کرماشان هەتا ئیستا بەپێی ئامارەکانی ڕێژیم ٢٠٩ کەس بە کۆرۆنا گیانیان لەدەست داوە.

تەنیا لە ٢٤ کاتژمێردا ٧ کەس بە کۆرۆنا گیانیان لەدەست داوە.

لە پارێزگای ورمێ بە هەمان شێوە ڕێژەی تووشبووان و قوربانییانی کۆرۆنا بەردەوام بەرز دەبێتەوە و ئەو پارێزگایە یەکێک لە پارێزگاکانی ئێرانە کە دۆخێکی قەیرانی هەیە.

لە پارێزگای ورمێ بەپێی ئامارەکانی ڕێژیم ٣٢٧ کەس بە کۆرۆنا گیانیان لەدەست داوە.

ڕێژیمی ئێران ئاماری ڕاست لەبارەی قوربانییانی کۆرۆنا بڵاو ناکاتەوە و ڕاستییەکان لەبارەی کۆرۆنا سەرپۆش دەکات.