کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆرۆنا لە کوردستان تراژدیا دەخولقێنێت

12:31 - 25 جۆزەردان 2720

لە پارێزگاکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات کۆرۆنا بووەتە مۆتەکەی ژیانی خەڵک و کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران تەنیا خەڵک بە تاوانبار دەزانن کە ڕێنوێنییە تەندروستییەکان لەبەرچاو ناگرن.

"هوشەنگ بازوەند" پارێزگاری کرماشان بەنیسبەت بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا وتوویەتی، دۆخی کرماشان بەڕاستی مەترسیدار و قەیرانییە، بەڵام هیچ کەس بەرپرسیار نییە.

ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم باسی لەوە کردووە، بڕیار بوو تالارەکان دابخەین، بەڵام ئەو بڕیارە جێبەجێ نەکرا.

ناوبراو وتوویەتی، کاتێک خەڵک دەبینن کاربەدەستان بێخیاڵن و هیچ کارێک ناکەن، خەڵکیش بێخیاڵ دەبن.

بەهۆی نەخۆشیی کۆرۆناوە نەخۆشخانەی "تەوحید"ی سنە شوێنی خەواندنی نەخۆشەکانی نییە. لەو شارە زیاتری ئەو کەسانەی تووشی کۆرۆنا دەبن توێژی لاوانن. کلینیکە ناحوکمییەکانیش تاقیکاریی کۆرۆنا وەردەگرن.

ئەو کلینیکە ناحوکمییانە بۆ هەر تاقیکارییەک بڕی ١٥٠ هەزار تمەن پارە وەردەگرن و لە کرماشان ٢٠٠ هەزار تمەن وەردەگرن.

لە پارێزگای ئیلام کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران دەڵێن، ئاماری قوربانییانی کۆرۆنا بڵاو ناکرێتەوە و تەنیا ڕێژەی تووشبووانی کۆرۆنا بڵاو دەکرێتەوە.

لە پارێزگای ورمێ ڕێژەی تووشبووان بەردەوام بەرز دەبێتەوە و لە هەمان کاتدا ڕێژەی قوربانییانی کۆرۆناش لە هەندێک لە شارەکان زیاتر بووە.

لەلایەکی دیکەوە، ڕێژیمی ئێران لە شارەکانی کوردستان بۆ پێشگیریکردن لە تەشەنەسەندنی کۆرۆنا هیچ هەنگاوێکی جیددیی هەڵنەگرتووە و خەڵک خۆبەخشانە بە کەرەستە و تێچووی خۆیانەوە هەوڵ دەدەن پێش بە پەرەسەندنی ئەم نەخۆشییە بگرن.