کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆرۆنا لە کوردستان قوربانی دەگرێت

11:37 - 6 رەشەمه 2719

لە چەند شاری کوردستان کۆرۆنا خەریکە پەرە دەستێنێت بە هۆی ئەو نەخۆشییە چەند کەس گیانیان لەدەست داوە و ژمارەیەک هاووڵاتیش تووشی ئەو نەخۆشییە بوونە.

 ڕێژیم هیچ یارمەتییەک بە خەڵک ناگەیەنێت و کەلوپەلی بێهداشتی لە بازاڕدا زۆر کەمە.

بەپێی زانیارییەکان، ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کوردستان پەرەی ئەستاندووە و لە چەند شاری کوردستاندا قوربانیشی لێکەوتووەتەوە و چەندین شوێن وەک شوێنی قەرەنتینە دیاری کراوە.

زانیارییانە باس لەوە دەکەن کە بەشی پیاوانی نەخۆشخانەی "خومەینی" لە شاری "سەقز"، کراوەتە قەرەنتینەی تووشبووان به کۆرۆنا.

لەو شارەدا پێشتر، ٣ کەس کە گومان دەکرا تووشی نەخۆشیی کۆرۆنا بوونە دوای قەرەنتینەکرانیان که وڵامی تاقیکارییەکانیان وەرگرتووەتەو؛ مەرەخەس کراون.

هەروەها ٩ کەسی دیکە کە گومانیان لەسەر بووە کە تووشی کۆرۆنا بوونە خەوێندراون و چاوەڕێی وڵامی تاقیکارین.

خەڵک لە باری دەروونییەوە لە شاری سەقز شپرزەیە و تووشی ترس و دڵەڕاوکێ بوونە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕاپۆرتەکان لە شاری کرماشان باس لەوە دەکەن کە ٢ کەس بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی "ئیمام ڕەزا"، گیانیان لەدەست داوە و ٥ کەسی دیکەش لە تووشبووان، قەرەنتینە کراون کە دۆخیان نالەبارە.

بەپێی زانیارییەکان لە شاری کرماشان، ڤایرۆسی کۆرۆنا بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەی گرتووە و دەمامک و کەلوپەلی بێهداشتی لە دەرمانخانەکاندا نەماوە، ئەگەریش هەبێت زۆر گرانە.

هاووڵاتییەک لەو بارەوە وتوویەتی: "کرماشان وەکوو شاری مردووەکانی لێهاتووە و چۆڵ بووە، ماوەی ٣ ڕۆژە بۆ نان کڕین دەڕۆینە دەرەوەی شار و ئەویش بە دەمامک و دەستەوانەوە".

هەروەها لەو ڕاپۆرتەدا وتراوە کە زانکۆی "ڕازی"، هەتا ٤٠ ڕۆژی داهاتوو داخراو دەبیت.

ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو ماوە کورتەدا کە گەیشتە ئێران، توانی بە شێوەیەکی بەرچاو لە ئیراندا تەشەنە بستێنێت و خەڵکانێکی زۆر بەو ڤایرۆسە تووش بوونە کە ڕێژیم، باس لە ڕاستییەکان ناکات و هیچ هەوڵێکیش بۆ پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە ناکا.