کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆرۆنا لە کوردستاندا بەردەوام لەنێو کادری دەرمانیدا قوربانی دەگرێت

18:57 - 15 سەرماوەز 2720

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندین دوکتور و کادری دەرمانیی نەخۆشخانەکانی کوردستان بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەست داوە.

بەهۆی نابەرپرسایەتی و نەبوونی پێداویستیی پێویستی پزیشکی لە نەخۆشخانەکانی کوردستاندا و کەمبوونەوەی ڕێژەی کادری دەرمان و ماندوویەتییان لە نەخۆشخانەکاندا بەردەوام کادری دەرمانی دەبنە قوربانیی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ٣ کەس لە کادری دەرمانی و پزیشکیی نەخۆشخانەکانی کوردستان لە شارەکانی سەقز و کامیاران سەر بە پارێزگای سنە گیانیان لەدەست داوە.

یەک لەو کەسانە کە بووەتە قوربانیی بێکیفایەتیی ڕێژیم، دوکتور "شیوا فەریدی" پزیشکی هەڵکەوتوو و ناسیاوی خەڵکی شاری کامیاران بووە کە لە سەرەتای هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە نەخۆشخانەکاندا خەریکی خزمەتکردن بووە.

هەروەها یەکی دیکە لەو کادره دەرمانییانە کە بە کۆرۆنا گیانی لەدەست داوە "ڕەزا کەریمیی نەسەب" تەمەن ٤٦ ساڵە و کادری دەرمانیی نەخۆشخانەی تەئمینی ئیجتماعیی شاری سەقزە کە یەکێک لەو کەسانە بووە کە خۆبەخشانە کاری خەڵکی کەمداهاتی جێبەجێ کردووە.

هەروەها پێشتریش کادرێکی دەرمانیی نەخۆشخانەی خومەینیی ئەو شارە بەناوی "محەممەد یارئەحمەدی" بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانی لەدەست داوە.

ڕێژیم لە شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا ئاوڕ لە دۆخی کادری دەرمانی و نەخۆشخانەکان ناداتەوە.