کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆرۆنا لە کوردستانی ڕۆژهەڵات زیاتر تەشەنای سەندووە

16:40 - 15 خاکەلێوه 2721

لە ماوەی ڕابردوودا دۆخی کۆرۆنا دیسان لە شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەرەو خراپی چووە و مەترسیی بۆ گیان و ژیانی خەڵک دروست کردووە و ڕێژیمیش هیچ پلانێکی بۆ ئەو دۆخە نییە.

بەپێی دوایین ئامارەکان، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٤٠٢ کەس تووشی ئەو ڤایرۆسە بوونە و ٤ کەسیش گیانیان لەدەست داوە.

شارەکانیی ورمێ، خۆی، نەغەدە و میاندواو لەو شارانەی پارێزگای ورمێن کە دۆخیان سوورە و تەشەنای ڤایرۆسەکە تێیاندا زیاترە.

هەروەها لە پارێزگای کرماشانیش بە هەمان شێوە مەترسیی کۆرۆنا زیاتر بووەتەوە و شارەکانی "کەنگاوەر و شاباد" دۆخیان سوورە و شارەکانی "سونقوڕ و کولیایی، کرماشان، پاوە، سەرپێڵ زەهاو و گێڵان" دۆخیان نارنجییە.

هەروەها لە نوێترین ئاماردا، ١٧٥ کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوونە و کۆی گشتیی قوربانییان گەیشتووەتە هەزار و ٥١٨ کەس.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بەدڵنیاییەوە باسیان لەوە کردووە کە شەپۆلی چوارەمی کۆرۆنا بە تەوژمی زیاتر و بەربڵاویی زیاترەوە دەستی پێکردووە، بەڵام لە هەمان کاتدا هۆکاری سەرەکیی بڵاوبوونەوەی زیاتری ئەو ڤایرۆسە سیاسەتە سیستماتیکەکانی خۆیانە بۆ قڕکردنی خەڵک.