کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆرۆنا لە ئێران، بەرزترین ئاماری گیانلەدەستدانی لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا هەیە

13:37 - 24 خاکەلێوه 2721

لە ماوەی ڕۆژانی ٢٢ و ٢٣ی خاکەلێوە، زیاتر لە ٢٧٠ کەس بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، گیانیان لەدەست داوە و ئەمەش لە بەرئاورد لەگەڵ ٥ مانگی ڕابردوودا، کەم وێنە بووە.

گیانلەدەستدانی زیاتر لە ٢٧٠ هاووڵاتی بەهۆی کۆرۆنا لە ئێران، لە حاڵێکدایە کە "عەلیڕەزا زاڵی" فەرماندەی ستادی بەربەرەکانێ لەگەڵ کۆرۆنای پارێزگای تاران وتوویەتی: "بۆ یەکەم جار تەواوی شارەکانی پارێزگای تاران لە دۆخی سوور دان".

لە لایەکی دیکەوە "ئیرەج حەریچی" ڕۆژی دووشەممە وتوویەتی: "ڕۆژانە بە گشتی ٢٥٠ هاووڵاتی لە ئێران بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەست دەدەن کە ٢٥ لەسەدی حاڵەتەکانی مردن لە خۆدەگرێت".

هەروەها "سیماسادات لاری"، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاندبوو، لە ڕۆژی یەکشەممە هەتا ڕۆژی دووشەممە ٢٧٤ کەس بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەست داوە.

هەروەها پارێزگاری تاران لەو پەیوەندییەدا، باسی لە پڕبوونی تەختی نەخۆشخانەکانی ئەو پارێزگایە کردبووە کە ڕێژەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکانی تاران ٦ هەزار و ٦٩١ کەسە کە بە وتەی ناوبراو، دەفرایەتیی تەختەکان پڕە.

بڵاوکردنەوەی ئاماری قوربانییانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران، لەلایەن وەزارەتی تەندروستیی ئەو وڵاتەوە، دوور لە ڕاستییە و ئاماری تووشبووان و گیانلەدەستداوانی کۆرۆنا، بەبێ خستنەڕووی هیچ ئامارێکی جیاکاری ڕادەگەیەندرێ و ئەم ئامارەش لە لایەن ناوەندە سەربەخۆکانەوە پشتڕاست ناکرێتەوە.

ماوەیەک پێش ڕێکخراوی پزیشکی، ئاماری قوربانییانی کۆرۆنای بە سێ هەتا چوار بەرامبەر لە ئاماری فەرمی بەرئاورد کردبوو.