کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆرۆنا مەریوانی گەمارۆ داوە

13:47 - 15 جۆزەردان 2720

ئاماری تووشبوون و گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لە شارەکانی کوردستان بەردەوام ڕێکۆرد تۆمار دەکات و شاری مەریوان لە دۆخێکی قەیراناویدایە.

لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوو لە مەریوان، نزیکەی ٥٠ حاڵەتی نوێی کۆرۆنا تۆمار کراوە و ئاماری تووشبووانی کۆڤید ١٩ لەم شارە لە هەڵکشاندایە.

بەپێی زانیارییەکان، ڕێکەوتی ١٣ی جۆزەردان، ٢٤ و  ڕێکەوتی ١٤ی جۆزەردان، ٢٣ حاڵەتی ئەرێنیی کۆرۆنا لە مەریوان تۆمار کراوە.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو، خەڵکانێکی زۆر تووشی کۆرۆنا بوونه کە لەنێویاندا چەندین کارمەندی تەندروستی و پەرستار و پزیشک هەن.

ژمارەی گشتیی تووشبووانی کۆرۆنا لە سەرەتای مانگی ڕەشەمەی ڕابردووەوە هەتا ڕێکەوتی ١٤ی جۆزەردان لە مەریوان، گەیشتووەتە ٣٠٨ حاڵەت کە ٨ کەسیان گیانیان لەدەست داوە.

لە ماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوو، گەشتیارێکی زۆر لە شارەکانی ئێرانەوە ڕوویان لە مەریوان کردووە کە ئەوە خۆی هۆکارێکی سەرەکیی بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییەیە.