کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆرۆنا کوردستانی ڕۆژهەڵاتی تەنیوە

18:50 - 27 جۆزەردان 2720

شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەهۆی تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە دۆخیکی مەترسیداردایە و ڕێژەی قوربانییان و تووشبووانی ئەم نەخۆشییە هەروا بەرەو هەڵکشاندایە.

ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی جۆزەردان، لە بۆکان ٤ کەس و لە مەهاباد ٤ کەسی دیکە بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە گیانیان لەدەست داوە.

لە پارێزگای سنە ڕێژەی تووشبووان بەم نەخۆشییە هەروا بەرز دەبێتەوە و ئەمڕۆ ٣٤١ کەس لەم پارێزگایە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و ٤ کەسیش گیانیان لەدەست داوە.

تەشەنەسەندنی ئەم نەخۆشییە لە ئاستیکدایە کە لە بانە سەرجەم پاساژ و شوێنە بازرگانییەکان بۆ ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە دادەخرێن.

هەروەها بەهۆی ئەم دۆخەوە، پاوە لەلایەن خەڵکی ئەو شارەوە قەرەنتینە کرا و سەرجەم ڕێگاکانی وەکوو سێڕێیانی باینگان، تەتە بۆ سەوڵاوا و هەجیج بۆ سەوڵاوا داخراون و ڕێگا نادرێت کە موسافیر لە شارەکانی دیکەوە بۆ پاوە بچن.

هەروەها لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو، ٥ کەس لە پارێزگای کرماشان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەست داوە.

لە ئاستی ئێرانیشدا بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمی ئێران، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو، ٢ هەزار و ٥٦٣ کەس تووشی ئەم نەخۆشییە بوون و ١١٥ کەسی دیکە گیانیان لەدەست داوە.

بەپێی ئاماری ڕێژیمی ئێران هەتا ئێستا ١٩٢ هەزار و ٤٣٩ کەس تووشی ئەم نەخۆشییە بوون و ٩هەزار و ٦٥ کەسیش بوونەتە قوربانی.