کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆرۆنا کۆتاییهێنەری ئەفسانەی "پەیوەندیی بە منەوە نییە"

17:15 - 29 رەشەمه 2719

ڕووش سەقز

ئەو کاتەی دەسەڵاتی نازی خەڵکی جوولەکەی پاکتاو دەکرد، زۆربەی خەڵکی ئاڵمان ئەو ڕاستییەیان دەزانی کە هیتلێر خەریکە جینایەتێک دژ بە مرۆڤایەتی دەخولقێنێت، بەڵام بەو بیانووەی کە ئەو پاکتاوکردنە ئەوان ناگرێتەوە، کێشەکەیان بە هی خۆیان نەدەزانی و لەهەمبەریدا بێدەنگ بوون و تەنیا سەیری ڕووداوەکانیان دەکرد. بەرهەمهێنانی عەقڵیەتی "پەیوەندیی بە منەوە نییە" و نایکەم بە کێشەی خۆم و من کارم بەسەر ئەو بابەتەوە نییە! هونەری دەسەڵاتە سەرەڕۆکانە و یەکێکە لە هۆکارەکانی مانەوەی دەسەڵاتی دیکتاتۆر. مێژووی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی چل و یەک ساڵەی دەسەڵاتداریەتیدا تەژیە لە کارەسات و قەیران و  کوشتار و  سەرکوتی چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا و لە هەمانکاتدا ڕژیم بە شێوازێکی سیستماتیک توانیویەتی عەقڵیەتی پەیوەندیی بە منەوە نییە لە جڤاکدا بەگشتی برەو پێ بدات. لە زستانی پەنجا و حەوتدا شۆڕشی گەلانی ئیران لەلایەن مەلاکانەوە دزرا و ناوی شۆڕشی ئیسلامیی لێ نرا و پاش ماوەیەک بە سەرکوتی داوا ڕەواکانی خەڵکی کوردستان دەستی پێ کرد، ئەو کات زۆربەی خەڵک دەیانوت: "خۆ داخوازیی نەتەوەی ئێمە نییە و ئێمە کارمان چییە! ئەگەر ژنان حیجابیان لێ زۆرەملێ کرا، ئەو ژنانەی کە بە خواستی خۆیان حیجابیان بوو وتیان خۆ هێرش نییە بۆ سەر ئازادییەکانی ئێمە و پیاوانیش زۆربەیان تەنیا بە کێشەیەکی ژنانەیان دەزانی و... ناوبردنی ئەم قەیرانانە و دابڕانی تاکەکانی کۆمەڵگا لە یەک دی و ئەو خەسارانەی لە ماوەی چل و یەک ساڵی ڕابردوودا لە خەڵک کەوتووە مەسنەوی حەفتاد مەنە، لەم ماوەدا کۆماری ئیسلامی توانی ئەم قسانە بخاتە سەر زاران: "کارت بە سیاسەت نەبێت، ئیتر کۆماری ئیسلامیش هیچ زەرەرێکی بۆ تۆ نابێت، کۆماری ئیسلامی تەنیا زیانی بۆ ئەوانە هەیە کە مەترسی بۆ سەر دەسەڵاتەکەی دروست دەکەن" و وەک عەقڵیەتێکیش لەنێو خەڵکدا برەوی پێ بدات، لێکەوتەی ئەم بۆچوونەش بەلاڕێدابردنی ڕوانینی خەڵکە و ونکردنی هۆکاری سەرەکیی کێشەکان و بەرهەمهێنەری عەقڵییەتی کێشەی من نییە و کێشەی ئەوی دییە. بەلام بڵاوبوونەوەی کێشەی کۆڕۆنا بە نێو تەواوی خەڵکدا و لە هەموو چین و توێژەکان ئەو ڕاستییەی سەلماند کە بەڕیوەبەرایەتیی گەندەڵ و سەرکوتکەر و ناکارامە زیان بە کۆی جڤاک دەگەیەنێت و ئەمڕۆ نا سبەی دووکەڵی دەچێتە چاوی کۆی خەڵکەوە.

بیست و حەوت ڕۆژ لە کاتی بەفەرمی ڕاگەیاندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێراندا تێدەپەڕێت و لەم ماوەدا بە گوێرەی ڕاگەیاندنی وەزارتی تەندروستیی کۆماری ئیسلامیی ئێران زیاتر لە هەزار کەس بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە گیانیان لەدەست داوە و پتر لە پانزە هەزار تووشبوویش هەیە، هەر لەم پەیوەندییەدا دوکتور "ڕیک بێرنان" لە بەڕێوەبەرانی ڕێکخراوەی جیهانیی تەندروستی کە بۆ بینینی بارودۆخی نەخوشینی کۆرۆنا سەردانی ئێرانی کردبوو، ڕۆژی دووشەممە ٢٦ ڕەشەمە ڕایگەیاند کە ڕادەی تووشبووان لە ئێراندا وێدەچێت پێنج هێندەی ئەو ژمارە بێت کە کۆماری ئیسلامی بەفەرمی ڕایگەیاندووە. لە هەمان کاتدا کۆماری ئیسلامی هۆکاری بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییەیە لە نۆزدە وڵاتی دنیادا. لە کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسەوە لە وڵاتی چین هەر کام لە حکوومەتەکان لە هەوڵی ئەوەدان کە خەڵکی خۆیان بپارێزن و تەنانەت بە گەورە نیشاندانی قەبارەی مەترسییەکە و گرتنەبەری ڕێوشوێنی توند هەوڵی ئەوە دەدەن کە بەر بە بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە لە وڵاتەکانیاندا بگرن، ئەمە لە کاتێکدایە لە سەردەمێکدا کە زۆربەی دەسەڵاتەکانی دنیا هاتوچۆی خۆیان لەگەڵ وڵاتی چین "بەهۆی ئەوەی کە شوێنی دروستبوون و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بوو" ڕاگرتبوو شیرکەتی فڕۆکەوانیی ماهان گشتەکانی خۆی بۆ ئەو وڵاتە ڕانەگرت و بووە هۆی گوازانەوەی ڤایرۆسەکە بۆ نێو ئێران. پاش بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە لە ئێراندا و داوای کۆماری ئیسلامی بۆ یارمەتی لە وڵاتانی دەرەوە، کاربەدەستانی تورکیە بە فەرمی ڕایانگەیاند: ئێمە سەرەتا پێشنیاری ئەوەمان کرد هەنووکە ئەم نەخۆشییە تەنیا لە شاری قومە ئەو شارە بخەنە دابڕگە و بەر بە بڵاوبوونەوەی بگرن، بەڵام پێشنیارەکەیان بە هێند وەرنەگرتین و هەنووکە کە ئەم ڤایرۆسە لە تەواوی ئێراندا بڵاو بووەتەوە، ئێمە هیچ یارمەتییەکمان لەدەست نایەت. کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی کە لە ڕاستیدا بەڕێوەبەرانی زیاترکردنی نەهامەتییەکانی خەڵکن نەیانتوانی بە هیچ چەشنێک بەر بە بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە لە ئێراندا بگرن و تەنانەت پاش چەند ڕۆژ کەرەستەکانی خۆپاراستن لەم نەخۆشییە وەک دەمامک و ئەلکول و دەستەوانە نرخیان تا دە قات زۆری کرد و هەنووکە نەخۆشیی کۆرۆنا بەرۆکی گشت خەڵکی ئێرانی گرتووە و  تەنیا تایبەت بە چین یان توێژێک یان خود نەتەوەیەک نییە و تەواوی ئەو خەڵکەی لە جوغرافیای ئێراندا دەژین لە بەردەم ئەم نەخۆشییە کوشەندەدان، تا هەنووکەیش بەڕێوەبەرایەتیی کۆماری ئیسلامی هەڵوێستێکی یەک دەنگیان نییە. بەرپرسێک ڕادەگەیەنێت شارەکان دابڕگە دەکەین و پاش چەند کاتژمێر سەرکۆماری ئەو دەسەڵاتە ڕادەگەیەنێت: "دۆخی دابڕگە هەر لە پلانماندا نییە و نەمان کردووە و نایکەن".  لە شارێک بە نافەرمی قەدەغەی هاتوچۆ ڕادەگەیەنن بەڵام هەر لە هەمان شاردا ماشین و موسافیری دەرەکی دێت و لە ڕاستیدا بەڕێوەبەرایەتیی ناکارئامە و دژە خەڵکی کۆماری ئیسلامی هۆی سەرەکیی بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسەیە و ئەم ڕاستییەش بە ئاشکرا هەستی پێ دەکرێت.

 لەو کاتەوە کە کۆرۆنا لە وڵاتدا بڵاو بووەتەوە خەڵک و ڕێکخراوە نادەوڵەتییەکان هەوڵی زۆریان داوە و بەو ئیمکانە کەمەی لەبەر دەستیاندایە بەر بە بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە بگرن و لەم پەیوەندییەدا چەند قاتی دەسەڵات چالاک بوون و دەوریان گێڕاوە، بەڵام بەداخەوە وەک دیارە بەرەنگاری تەواوی دیاردەیەکی لەم چەشنە لە هێز و توانستی خەڵک  و ڕێکخراوە مەدەنییەکان بەدەرە، بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە خاوەن چەند وانەی هەرە گرینگە، یەکەم هەموو نەهامەتییەکانی خەڵک سەرچاوەکەی ڕێژیمی دەسەڵاتدارە و خەڵک لە هەناوی ئەم دەسەڵاتەدا ناتوانن بە ئامانجەکانیان بگەن و کۆتاییشی بەو وەهمە هێنا کە بەڕێوەبەرایەتیی کۆماری ئیسلامی خراپی بۆ من نییە و بەدبەختی و ڕۆژڕەشی خەڵکی دیکەش بە من چی؟ ئەمە ئەو وانەیە کە دەبێ گشتمان فێری ببین کە بەڕێوەبەرایەتیی دژە گەلی و گەندەڵ و ناکارامەی کۆماری ئیسلامی بۆ تاک بە تاکی خەڵک زەرەرە و ئەمڕۆ یان سبەی بەرۆکی گشتمان دەگرێت و لەم نەخۆشییەدا و لە بڵاوبوونەوەیدا بۆ هەمووان دەرکەوت کە هەمووان زەرەرمەندی بەڕێوەبەرایەتیی ئەم دەسەڵاتەین و کەوابوو هەموومان بە گوێرەی توانامان ئەرکی لەنێوبردنی دەکەوێتە سەرشانمان.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.