کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆرۆنا گەیشتە شیرکەتی گازی تەنگی بیجاڕ

17:31 - 25 رەشەمه 2719

پاش نکۆڵیکردنی بەردەوامی بەڕێوبەرانی مەیدانی نەوتیی "گازی تەنگـ"ـی بیجاڕ سەبارەت بەوەی کە هیچ حاڵەتێکی کۆرۆنا لەو شیرکەتەدا نییە، سەرەنجام حاڵەتێکی تووشبوو بە کۆرۆنا لە ئەو شیرکەتە  تێستەکەی ئەرێنی دەرچووە.

سەرەڕای هۆشدارییە پشت سەر یەکەکانی ڕاگەیاندنە سەربەخۆکان، سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ڕێژیمی ئێران هەتا ئێستاش کارخانە و ئیدارە و ناوەندە حکوومی و ناحکوومییەکانی دانەخستووە.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە لە حەوتووەکانی ڕابردوودا ڕاپۆرتگەلێک سەبارەت بە  نەخۆشبوونی هەژمارێک  لە فەرمانبەران و کرێکارانی شیرکەت و کارگە و کارخانەکانی وڵات بڵاو بووەوە.

لە نموونەی ئەو شیرکەت و کارخانەگەلە مەیدانی نەوتیی "گازی تەنگی بیجاڕ" بوو کە سەرەڕای ڕاگەیاندنی هەبوونی حاڵەتی کۆرۆنا لەنێو فەرمانبەرانی ئەو شیرکەتانەدا، بەڵام بەڕێوبەران و بەرپرسانی ئەو شیرکەتە بە درۆ باسیان لەوە دەکرد کە هیچ حاڵەتێکی کۆرۆنا لەوێ بوونی نییە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی ڕابردوو تێستی کۆرۆنای پزیشکی ئەو شیرکەتە ئەرێنی ڕاگەیەندراوە کە ئەمە نیشان لە بڵاوبوونەوەی بەربڵاوی ئەو ڤایرۆسە لەو شیرکەتەدایە.

شیرکەتی گازی تەنگی بیجاڕ، لە مەیدانە گازییەکانی ئێرانە کە لە پارێزگای ئیلام و لە مەودای ٧٠ کیلۆمەتریی ڕۆژئاوای شاری ئیلامدایە و دەفرایەتیی بەرهەمهێنانی ئەو مەیدانە ٧ ملیۆن میتری سێجا لە ڕۆژدایە.