هیوا میرزایی
مێژووی سیاسیی جیهان نیشانی داوه که ئه‌و حکوومه‌تانه‌ی دژه خه‌ڵکن، له کۆتاییدا چاره‌نووسیان له‌نێوچوونه.
٤١ ساڵ به‌سه‌ر هاتنه‌سه‌رکاری کۆماری ئیسلامی‌دا تێده‌په‌ڕێت و ئه‌م ڕێژیمه توانیویه‌تی له‌م ماوه‌یه‌دا به زه‌بری هێزه سه‌رکوتکه‌ره‌کانی لانیکه‌م له ڕووی فیزیکییه‌وه هێژموونیی خۆی بسه‌پێنێت و خۆی بخزێنێته نێو هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌کانی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و ئابووری و کو‌لتووریی خه‌ڵکه‌وه و به ئایدیۆلۆژیکردنی هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌کانی ژیان هه‌وڵی مانه‌وه‌ی خۆی ده‌دات. به‌ڵام ئه‌زموونی مێژووی سیاسیی جیهان نیشانی داوه که ئه‌و حکوومه‌تانه‌ی دژی خه‌ڵکن، له کۆتاییدا چاره‌نووسیان له‌نێوچوونه.
کۆماری ئیسلامیی ئێران به شۆڕشی فه‌رهه‌نگی و ئێعدامی دژبه‌ران و به ئیسلامی‌کردنی ئابووری و په‌روه‌رده‌ی وڵات و هه‌روه‌ها دروشمه پۆپۆلیستییه‌کانی بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌کرد که ده‌یهه‌وێت به‌خته‌وه‌ری پێشکه‌ش به خه‌ڵکی ئێران بکات و به خۆ ئیزۆله‌کردن و خۆ دابڕاندن له جیهان سه‌ربه‌خۆیی بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ ئێران، ئه‌مه له حاڵێکدایه کە گه‌شه‌ی تیکنۆلۆژی و پێوه‌ندییه مرۆییه‌کان له ئاستی جیهاندا چیدی قه‌بووڵی ئه‌وه ناکات که که‌سانێک کۆمه‌ڵگاکان له یه‌کتر داببڕێنن و خودی دابڕانی کۆمه‌ڵگا به هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌کانیه‌وه له ئه‌ساسدا شتێکی نه‌گونجاو و ته‌نانه‌ت نه لواویشه، بۆیه ده‌بینین که گلۆڵه‌ی کۆماری ئیسلامی که‌وتووته لێژی و وه‌عده‌ی به‌خته‌وه‌ری و ژیانێکی باش و سه‌ربه‌ستانه‌یش بووه‌ته بڵقی سه‌ر ئاو.
خه‌ڵکی ئێران به هه‌موو پێکهاته‌کانیه‌وه ئه‌مڕۆ تووشی چەندین قه‌یرانی ئابووری و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی بوون که چاره‌سه‌رکردنیان ته‌نیا به ده‌ربازبوون له کۆماری ئیسلامی چاره‌سه‌ر ده‌بێت و ده‌رکه‌وتووه که هیچ ڕیفۆرم و چاکسازییه‌ک له قه‌واره‌ی کۆماری ئیسلامی‌دا وڵامده‌ر نییه و بایکۆتی هه‌ڵبژاردنه‌کانی ٢ی ڕه‌شه‌مه‌ی ١٣٩٨ ده‌کرێت نوێترین و به‌رزترین ده‌نگی دژایه‌تیی خه‌ڵک بێت به کۆماری ئیسلامیی ئێران.
هه‌رچه‌ند کورده‌کان له کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات پێش هه‌موو نه‌ته‌وه‌کانی دیکه و هه‌ر له سه‌ره‌تای هاتنه سه‌رکاری ئه‌م ڕێژیمه، به‌هۆی ئاستی به‌رزی سیاسی و بوونی حیزبی پێشکه‌وتوو، چییه‌تیی کۆماری ئیسلامی‌یان بۆ ده‌رکه‌وت و به‌رده‌وام دژایه‌تیی خۆیان بۆ ئه‌م ڕێژیمه دووپات کردووه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌مه ڕاستییەکی تاڵه که له ڕووی هێزی سه‌ربازییه‌وه کورده‌کان شکستیان خوارد و ڕێژیم توانی کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات داگیر بکات، به‌ڵام له ڕووی فیکری و هێژموونیی سیاسییه‌وه هیچکات کوردستان داگیر نه‌کرا و هه‌وڵی ڕێژیم له ماوه‌ی ئه‌م ٤١ ساڵه‌دا داگیرکردنی ڕۆژهه‌ڵاته له ڕووی فیکری و سیاسییه‌وه.
بوونی هێزی پێشکه‌وتووخواز و به‌ربه‌ره‌کانێی خه‌ڵکی ڕۆژهه‌ڵات به‌ربه‌ست بوون له داگیرکاریی سیاسی و هه‌ر ئه‌مه وا ده‌کات ئه‌رکی ئه‌م هێزه پێشکه‌وتووانه له ئێستادا که کۆماری ئیسلامی تووشی کۆرۆنای سیاسی بووه چه‌ند قات زۆرتر بێت.
ناوه‌ندی هاوکاریی حیزبه‌کانی کوردستانی ئێران کە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە دامەزراوە، ده‌کرێت ببێت به ناوه‌ندێکی ئه‌کتیڤ و به خۆئاماده‌کردن و خوێندنه‌وه‌ی واقێعیه‌تی کۆمه‌ڵگای کوردستان پلان بۆ دواڕۆژی ئێران و کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات دابڕێژێت و ببێت به ئه‌کته‌رێکی چالاک له ئێستا و داهاتووی ڕۆژهه‌ڵاتدا.
ئه‌و ئه‌رکانه‌ی که له ئێستادا ناوه‌ندی هاوکاریی هێزه کوردستانییه‌کان ده‌بێ کاری له‌سه‌ر بکه‌ن بریتین له:
ـ به‌رینترکردنه‌وه‌ی ناوه‌ندی هاوکاری و هه‌وڵدان بۆ ئه‌وه‌ی که ببێت به ناوه‌ندێکی سه‌رانسه‌ری له ڕۆژهه‌ڵات و گشتگیر بێت.
ـ هه‌وڵدان بۆ به‌شداریی زیاتری ژنان هه‌م له به‌ڕێوه‌به‌ریی ناوه‌ند و هه‌میش به‌شداریکردنی زیاتری ژنان له خه‌باتدا.
ـ هه‌وڵدان بۆ ئاماده‌کردنی پلاتفۆرمێکی هاوبەش بۆ چۆنیه‌تیی ئیداره و به‌ڕێوه‌بردنی کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات له دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی تا هه‌ڵبژاردن و نووسینه‌وه‌ی یاسای بنه‌ڕه‌تیی کوردستان.
ـ هه‌وڵدان بۆ ڕێکخستنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان و پێش‌گرتن له پاشاگه‌ردانی و دروستبوونی ئاڵۆزی به‌هۆی بوونی چه‌ند هێزێکی چه‌کدار له داهاتوودا.
بێگومان داهاتووی دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی، داهاتوویه‌کی ڕوون نییه و هه‌ر ئه‌مه‌یش وا ده‌کات که هێزه کوردستانییه‌کان خۆیان بۆ هه‌موو ئه‌گه‌رێکی سیاسی و سه‌ربازی ئاماده بکه‌ن، چوون ته‌نیا به بوونی به‌رنامه و هاوئاهه‌نگیی هێزه سیاسییه‌کان و خه‌ڵکی کوردستان ده‌توانین سه‌رکه‌وتن گه‌ره‌نتی بکه‌ین.
ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.