کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران ده‌ڵێت، نابێ كۆشكی سپی زمانی فارسی به‌كار بێنێت

11:59 - 23 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران وتوویەتی، نابێ ترامپ بە زمانی فارسی هیچ پەیامێک بنووسێت، چونکە فارسی زمانێکی کۆنه.

"عەباس مووسەوی"، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کاروباری ڕێژیمی ئێران لە تویتێكدا لە لاپەڕەی تویتێریی خۆیدا نووسیویەتی: "ئامریکا كە بەردەوام ھەڕەشە و گەمارۆ و تێرۆری دژ بە ئێران بەكارھێناوە، بۆی نییە زمانی فارسی بەكار بھێنێت".

"دانڵد ترامپ"، دوو ڕۆژ لەمەوبەر بۆ یەكەمجار لە تویتێكدا بە زمانی فارسی ڕایگەیاند، خەڵكی ئێران بوێر و زوڵم لێكراون و دەوڵەتی ئامریکا پشتیوانییان لێ دەكات.

"عەباس مووسەوی"، بە چەشنێک هەڕەشە لە "ترامپ" دەکات کە نابێ زمانی فارسی بەکار بێنێت گۆیا ئەو زمانە، زمانێکی پیرۆزە کە تەنیا نەتەوەی فارس مافی هەیە پێی بنووسێت.

بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بەنیسبەت ئەو پەیامەی ترامپ دژکردەوەیان پیشان دا.

قسەی ئەو کاربەدەستەی ڕێژیمی ئێران لە کاتێکدایە کە خۆیان بە زمانی عەرەبی و ئینگلیزی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پەیام بڵاو دەکەنەوە.

هاوکات کاربەدەستانی ڕێژیم، تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێریان فیلتێر کردووە، بەڵام خۆیان کەڵکی لێ وەردەگرن.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران زمانی فارسی بە زمانی فەرمیی ئێران دەزانێت و نکۆڵی لە زمانی نەتەوەکانی دیکەی ئێران دەکات.