کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆشکی سپی،بەکارهێنانی هێزی سەرکوت و گوشار، دژی ناڕازییانی مەحکووم کرد

11:19 - 27 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: لە درێژەی خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئێراندا، کە تا ئێستا لە لایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەیان کەس کوژراون و سەدان کەسیش بریندار بوونە، کۆشکی سپی، بەکارهێنانی توندوتیژی و کەڵکوەرگرتن لە هێزی زبر و گوشار، دژی ناڕازییانی مەحکووم کرد.

''ئێستێفانی گریشام''، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی کۆشکی سپی، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٦ی خەزەڵوەر، لە ڕاگەیەندراوێکدا وتی: ''ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە خۆپیشاندانی ئاشتیخوازانەی خەڵکی ئێران دژی ڕێژیمی ئێران پشتیوانی دەکات''.

ناوبراو وتی: "ئێمە  بەکارهێنانی توندوتیژی و کەڵکوەرگرتن لە هێزی زبر و گوشار و سنووردارکردنی تۆڕەکانی پێوەندی دژی ناڕازییان مەحکووم دەکەین."

پاش ئەوەی کە نرخی بێنزین لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانەوە  بەرز کرایەوە، لە ڕۆژی ٢٤ی خەزەڵوەرەوە خەڵکی وەزاڵەهاتوو و ستەملێکراوی کوردستان و ئێران بە هاتنە سەرشەقام ناڕەزایەتییان دەربڕی و هاوکات دژی دەسەڵاتداریی ڕێژیمی ئێران دروشمیان دا.

ڕێژیمی ئیسلامی ئێران سەرەڕای ئەوەی کە  لە ڕێگای هێزە ئەمنییەکانی خۆیەوە ناڕازییان سەرکوت دەکات، هێڵی ئینتێرنێیشی بەتەواوەتی داخستووە.