کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمار و ئەڤین - بەشی یەکەم

12:05 - 28 رێبەندان 2718

خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی "مژاباد"ی جان دۆست

شەریف فەلاح

(بەشی یەکەم)

مژاباد، یەک لە ڕۆمانەکانی جان دۆست، نووسەری کوردی خەڵکی کۆبانێیە کە بە قەڵەمی فەرهاد چۆمانی، لە شێوەزاری کورمانجیی سەرووەوە بۆ کورمانجیی ناوەڕاست (سۆرانی) گۆڕدراوە و لە دووتوێی ٢٧١ لاپەڕەدا و یەکێکە لە بڵاوکراوەکانی ماڵی وەفایی و ساڵی ٢٠١٦ چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

پێشەکی: مێژوو و ڕۆمان

هەروەک لە سەرەتای ڕۆمانەکەدا نووسیویە ئەم ڕۆمانە لەبەر ڕۆشنایی کۆماری کوردستاندا دەخوێندرێتەوە. لەبارەی پەیوەندیی نێوان مێژوو و ڕۆمان و دەوری مێژوو لە خوڵقاندنی ڕۆمان وەک دەقی هاوچەرخ، گەلێک کتێب و سەرچاوە لەبەردەستن و گەلانی دیکە لەمبارەوە خاوەن گەنجینەی دەوڵەمەندن. لەبارەی جیاوازییەکانی نێوان نووسینەوەی مێژوو و ڕۆمانی مێژوویی و دەوری مێژوو لە ئاراستەکردن و داڕشتنەوەی ڕۆمانی مێژوویی لە ئەدەبی کوردی سەرچاوەیەکی ئەوتۆ لەبەردەست نییە. جۆرج لۆکاچ لە کتێبی "ڕۆمانی مێژوویی"دا دەنووسێ: "ڕۆمانی مێژوویی لە سەرەتای سەدەی نۆزدەیەم و لە بەرەبەری دەورانی ڕووخانی دەسەڵاتی ناپلیۆن بۆناپارتدا سەری هەڵداوە و (ڤیڤرلی ئێسکات لە ١٨١٤ چاپ کرا). هەڵبەت چەندان ڕۆمان بە ناوەرۆک و تێمی مێژوویی لە سەدەکانی هەڤدە و هەژدەش نووسراون و ئەگەر بمانەوێ نووسراوەکانی سەدەکانی ناوەڕاست، مێژووی عەتیقە و ئەفسانەکان، لەبەرچاو بگرین، دەکرێ پێشەنگانی ڕۆمانی مێژوویی لەڕاستیدا بگەڕێنینەوە بۆ وڵاتانی چین و هێندوستان.

لەبارەی ئێمەی کوردەوە کە ڕەوڕەوەی نووسینەوەی مێژوومان جیا لە لێڵی و ناڕوونی و تاریکی، هاوکات زۆربەی شۆڕش و سەرهەڵدانەکانمان پڕن لە تەمومژ و لارەسەنگن و زۆربەیان بە دەستی کارەکتەرە ناوچەییەکان و بەتایبەت زلهێزەکان پووکاونەتەوە و ڕووخاون و وەک بایەک هاتوون و چوون، یان وەک قوماشێک چوونەتە ئاو، یان بەدەست خورەی خۆخۆری و خیانەتی ناوخۆییەوە لەناو چوون. ئایا کە ئێستا کورد بووەتە خاوەن ئەدەبی گێڕانەوە و دەرەتانی نووسینەوەی مێژووی خۆی هەیە، ئایا نووسەرانی ئەم بوارە (ئەدەبی گێڕانەوە) دەبێ چۆن و لە کام گۆشەنیگاوە ڕووبەڕووی ئەو واقیعە تاڵەی ڕابردوو ببنەوە؟ مێژووی پڕ لە خوێن و قوربانی و دۆڕان، مێژووی دەڵەمە و لەرزۆک، ئایا دەبێ بە نیگا هەستۆکییەوە ئاوڕ لە مێژووی خۆماڵی بدرێتەوە؟ واقیع لە نێوان ڕاستی و ئەدەبی گیڕانەوەدا دەبێ چۆن مامەڵەی لەگەڵ بکرێت؟ ئایا چیرۆکنووس و ڕۆماننووسی ئێمە توانیویانە ئەو قۆناغ و بڕگە مێژووییانە و ئەو هەوراز و نشێو و شکست و نسکۆیانە بگوازنەوە ناو دەقێکی هونەری و ئەمڕۆیی و بیدەنە بەر نەشتەر؟ ڕۆماننووسانی ئێمە چەندە شارەزای مێژوون؟ گێڕانەوەی ڕەوڕەوەی مێژووی لێڵ و ئاڵۆزمان لەناو ڕۆمان و چیرۆکی هاوچەرخدا لە چ دۆخێکدایە؟ لەمبارەوە ئێمە هەژار و کۆڵەوارین و ڕۆمانی مێژوویی و ڕیالیست و واقعی تاڵی شۆڕشەکانمان کەمتر پەرژاوینەتە سەریان کە پێویستە پەنجەرە و ڕۆچنەیەکی نوێیان بەڕوودا بکەینەوە کە من لام وایە "جان دۆست" لە (مژاباد)دا هەنگاوێکی بەم ئاراستەیە هەڵگرتووە کە سەرەتایەکی گرنگە، هەرچەند لەڕووی شوێن – کاتەوە هەوڵی داوە ڕووداوە مێژووییەکان، شۆڕشەکانی باکوور، باشوور (ئەیلوول) تێکەڵ بکات و دواتر لە قەوارەی نووسینەوەی دوو ئەڤینی تێکشکاو و کۆستکەتوودا لەناو چەقی لەدایکبوون و ڕووخانی کۆماری کوردستاندا یەکیان بخات. کە بەڕای من ئەو جۆرەی کە جان دۆست هەوڵی داوە لە شۆڕشی شێخ ڕەزای دێرسیم، دواتر شێخ مەحموود و شۆڕشی ئەیلوول و بارزان، پاشان کۆماری کوردستان لێک گرێ بدات، هێندە پەیوەندییەکە قووڵ و ڕیشەیی و ڕێکخراو نەبووە. دواتر هەرکام لەو شۆڕشانە و ئەو هەموو زەمەنە مێژووییە لە ناوەڕاستی جەنگی یەکەمی جیهانییەوە تا ساڵی 1946 کاتێکی زۆرە و لێکگرێدانی شۆڕشی سێ پارچەی کوردستان بەو هەموو ئاڵوگۆڕ و کارەکتەر و سەرکردەوە لە دووتوێی یەک ڕۆماندا گەلێک دژوارە و لە هەندێ شوێن هەست دەکەی زیاتر لە نووسینەوەی ڕەوتی مێژوو دەچێت هەتا ئەدەبی گێڕانەوە. هەرچەند دەبێ ئەوەشمان لەبیر نەچێت جان دۆست لە (مژاباد)دا بە ئاراستە و هێڵێکی ئاسۆیی دەچێتە پێش و ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە، بەڵام ئەوە کارەکتەر و پاڵەوانن چیرۆکەکە دەبەنە پێش، سەرکۆنەی یەک دەکەن، نقورچک لێک دەگرن خیانەت لە یەکدی دەکەن، پاشەملەی یەکتر قسان دەکەن و بە نەریتی خیانەت بە سیاسەت و ئەڤین و بە فیتی زلهێزەکان پشت لە یەکتر دەکەن و لایان وایە (نە بای دێ و نە بۆران)، کەواتە مژاباد، پەردە لەسەر مێژووی مژێک هەڵدەداتەوە کە واقیعی تاڵی ئێمەیە بەڵام بە دەربڕین و گێڕانەوەیەکی نەشتەرگەرانە و ڕەخنەگرانە، نەشتەرێک کە بە هەر دێڕێک خوێن لە جەستەی زامارێک دەچۆڕێت کە باکوور و باشوور و ڕۆژئاوا لە مەهابادی پڕ لە تەم و بێ ئاو و تژی لە گوریس و تەنافدا چنگ لە بینەقاقای یەکتر دەگرن، کەچی نازانن باکان لەکام لاوە هەڵدەکەن تا ئەوکاتەی لەناو تەمدا ون دەبن.

چەقی ڕۆمان:

مژاباد، خاوەنی کارەکتەرێکی سەرەکییە (بادین ئامێدی) کە بە شێوازی یەکەم کەسی تاک چیرۆکی خۆی و کارەکتەرەکانی دیکە دەگێڕێتەوە. ئەو ڕۆژەی بادین لەدایک دەبێ، دایکی بەدەم ژانەوە دەمرێت، بادین کوڕی یوونس ئامێدی (مزووری)یە کە لە شەڕی دەربەندی (بازیان) و شۆڕشەکەی شێخ مەحمووددا باوکی شەهید دەبێت، ئەو باوکی خۆی نەبینیوە و دایکی سەر بە ئایینی کریستیانە و لەلای داپیرەی گەورە بووە. بادین شاعیر و مامۆستایە و پاشان ڕەوڕەوەی ژیانی وای بەسەر دێت تێکەڵی شۆڕشەکانی کورد دەبێت و دەبێتە ئەندامی حیزبی هیوا و دواتر شۆڕشی شێخ مەحموود. هاوکات لە ڕۆژنامەی ژین لەگەڵ پیرەمێرد و شاعیران و نووسەران و چالاکانی سیاسیی سلێمانی تێکەڵ دەبێت و دوایی لەگەڵ "ژاڵە" ئەڤینێک بنیات دەنێت و تێکەڵ بە یاریی سیاسی و ئەڤینی قووڵ دەبێت، نەریتی کۆنی حیزبی کوردی و پشتتێکردن و پلانداڕێژی لەلایەن ئەندامانی هیواوە تۆمەت و تانە لە "ژاڵە" دەدەن و ژاڵەی لێ دوور دەخەنەوە و ڕەوانەی بەغدای دەکەن و لەگەڵ ئینگلیزییەکان دەست تێکەڵ دەکات و ئەمەش "بادین" شێت و هار دەکات و پاش تێکەڵ بوون بە پێشمەرگەکان و شۆڕشی بارزانی و شەڕ و بەرەنگاری و شکست و نسکۆ و بڕینی چەند قۆناغێک لەگەڵ بارزانییەکان ڕوو لە کۆماری کوردستان دەکەن. لەوێش دیسان درێژەی هەمان یاریی سیاسی و ئەڤینە و دیسان مامۆستایەتی و ئەشقی نیشتمان، ئەڤینی "موژدە" دەرگایەکی دیکە و ئومێدیکی نوێ بە ڕووی ژیانی "بادین" دەکاتەوە. هەرچەند ڕەوڕەوەی گێڕانەوە لە "مژاباد"دا زۆر فلاشبەک و تەکنیکی نوێی تێدایە، بەڵام چەقی زۆربەیان ڕووداوەکان دەگەڕێنەوە بۆ مەهاباد. بادین ئامێدی کە خۆی کارەکتەری سەرەکیی چیرۆکەکەیە، هاوکات خەریکی نووسینەوەیە و پێی وایە "تەنێ نووسین دەتوانێ مردن بترسێنێت".

ئەو چیرۆک و سەربردەی ئەو کارەکتەرە ڕاستەقینانە دەگێڕێتەوە کەلە شۆڕشی سیاسی و فەرهەنگیی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کۆمار)دا بەشدار بوون. وەک: "سادق بەهادین ئامێدی، نوورەدین زازا، نووری ئەمین، پیرەمێرد، شێخ مەحموود، شێخ ڕەزا، مەلا مستەفا بارزانی، میرحاج، مەناف کەریمی، هەژار، هێمن، مستەفا خۆشناو، پێشەوا، سمکۆ، کەریم و عومەرخانی شکاک و... چەندانی دیکە". ئەم گێڕانەوەیە ململانێی نێوان دوو ئەڤینی دزراو و داگیرکراوە کە گرێدراوە بە ئەڤینی نیشتمانەوە، نیشتمانێک کە بەدەم باوەیە، بادین ئاشقێکە گیری خواردووە، ڕوو لە هەر سەنگەرێک دەکا دەدۆڕێت، ئەو سادە و ساکار و بێخەوشە و هەڵوەدای ژین و ئازادییە، تەنیا "باپیرە"ی ڕاستی لەگەڵ دەکات. مژاباد نقورچکە لە مێژووی پڕ لە هەوراز و نشێو، مژاباد هەڵدانەوەی ئەو برینە پڕ لە کیم و زامە خۆییانەیە کە ڕاستیی سیاسەتی کورد دەخاتە ڕوو.

تیپ و هێماکانی مژاباد:

جان دۆست لە دووتوێی گێڕانەوەی "مژاباد"دا بەردەوام کۆمەڵێک چەمک و دەستەواژەی زەق کردووەتەوە و هێمایی و ڕەمزییانە بەردەوام وەک قسەی سەر زار، یان خەسڵەت و تایبەتمەندیی کارەکتەرەکان دووپاتیان دەکاتەوە و بەمانەش کۆمەڵێک پەیام و قسەی نەگوتراو و شاراوەی پێیە و وەک کۆدی نەکراوەی ناو دەقەکە دێنە ئەژمار. هەرکام لەوانە دەکرێ وەک تیپیکاڵ و مۆتیڤ لێیان بڕوانرێت و واتا و مانای جیاواز لە ماناکانی خۆیان هەیە.

هێما و چەمکەکانی وەک: "نووسین، ئەڤین، خەنە، تووتن، قوتووە جگەرە، ترێ، شەراب، با، ئاو، ڤۆدکا، مژ، گوریس، و...".

نووسین: لە سەراپای دەقی مژاباددا لە پشت گیڕانەوە و نووسینەوەی سەربردەی (بادین)ەوە هەست دەکەی ئەوە سێبەری کەسێکی دیکە هەیە کە حەزی لە نووسین و خوێندنەوە و فێربوونە. ئەو بەردەوام خەون و خولیاکانی لەبارەی ئەدەب، زمان، شیعر، مامۆستایەتی لە زۆر شوێن و دیالۆگدا دەخاتە ڕوو. هەندێ جار گلە و گازندەی ئەو پشتگوێخستن و پەراوێزخرانەی کورمانجیی سەروو لەلایەن نووسەرانی سۆرانی زمانەوە دەکات کە بە بیانووی پیتی لاتینی سانسۆر دەکرێن و ئەمە بە ڕوونی دیارە و وەک بەشێک لە دابڕان و لێک تێنەگەیشتنی نێوان دیالێکتەکان باسی دەکات. "بادین" نوێنەری توێژێکە لەناو شۆڕشی سیاسی و ڕاپەڕینەکانی کورددا لە نێوان دوو بەرداشی شێوازی خەباتی فەرهەنگی، ڕۆشنبیری و خەباتی چەکداریدا گیری خواردووە و هەر جارە ڕوو لە یەکیان دەکات و خۆشی نازانێ خەونەکەی لە نووکی خامەوە بەدی دێت، یان لە لوولەی چەکەوە. 

ئەڤین: هەرچەند لە مژاباددا حزووری کارەکتەری ژن کەمە و تەنیا "ژاڵە و مژدە و داپیرە"ی بادین ئەویش بە چەند دێڕیک حزووری هەیە و ئەمەش دەریدەخات شۆڕش و ئەڤینی کورد کوردانەیە و ژن تێیدا پیوار (غایبە). ئەشق بە ژن و گیرۆدەبوون بە ئەڤین کە مژاباددا کە "بادین" داهێنەریەتی، قوڵپ دەدات و لە دوو هەرێمی سلێمانی و مەهاباد تووشی دەبێت. لە سەراپای ئەم دەقەدا بە دوو واتای نیشتمان و دڵدارییەوە ئەڤین دەردەکەوێ. ئەڤینێک کە دەکرێ وەک ئامانجی ڕاستەقینەی شۆڕشی کورد بە ژیان لێک بدرێت، لەم ئەڤینانەدا کە یەکیان (ژاڵە) پرەنسیپی وشکی حزبی لێی داگیر دەکات و دەیکاتە قوربانیی ئایدیۆلۆژی و دواتر دەزگای سیخوڕیی ئینگلیز لەدژی شۆڕشەکانی کورد بەکاری دێنێت و دەیکاتە سۆزانی و لە کراسی سۆزانیدا لەگەڵ بادین لە مەهاباد دەخەوێت، هەم کەرامەتی شۆڕشگێڕیی کوردی پێ دەشکێنن و هەم وەک سیخوڕی ئینگلیز بۆ ناو کۆمارێکی دەنێرن کە ڕووسیا لە پشتیەتی کە پڕە لە ڕەمز و هێما. ئەڤینی "بادین" و "موژدە" کە ئەویش مامۆستایە و لەناو خەونی کۆمار و لە مەهابادی رەنگین و پڕ بژوێندا دەیان ژوان و ئەشقێنییان هەبووە، گرێدراوی ئەشقی کۆمارێکە کە سەدان کەسی ئەڤینداری لە خۆی کۆ کردۆتەوە. کەریم شکاک کە ئەندامی کۆمەڵەی (ژ.ک)ە و سوێندی خواردووە خیانەت لە خاک و ئاو شەرەف و کەرامەتی نیشتمان نەکات، هەر لە سەرەتاوە بە ئەشقی ژاڵە و بادین دەزانێ، لە ناخەوە دەکوڵێ وەلێ نایدرکێنێ، نەتەنیا دەکەوێتە ژێر کاریگەریی فکری خێڵکەکییانەی "عومەر خان"ەوە و پشت لە کۆمار دەکات، بە فێڵ و هەڵخەڵەتاندنی "موژدە" لە بادین هەڵدەگەڕێنتەوە و خیانەت لە دۆست و هاوڕێی نزیکی دکات و لەدەستدانی ئەم ئەڤینە بە قەت ڕووخانی کۆمار و خیانەت و پشتتێکردنی ڕووسیا لەو کۆمارە کاریان کردە سەر ڕۆح و دەوونی بادین و تەواو دایدەڕووخێنن و تەنیا مەرگی باپیرەی هێندە ئازاری دا. کۆد و ڕەمزەکانی پشت ئەم ئەڤینە کە وەک بایەک هاتن و وەک زریان دڵی بادینیان هەڵکۆڵی گەلێک زۆرن و لەگەڵ ئەو بایانە تێکەڵن کە تەنیا عومەر خان و ڕووس و ئینگلیز و تاران و ئەڵمانیا و ڕەزم‌ئارا دەیانزانی کەی و لەکوێ و چۆن هەڵدەکات، بۆیە پیرەی "گوریس"چن لە مەهاباد هەر خەریکی چنین بوو و تفاقی مەرگی گشتیی تەیار دەکرد.

خەنە: خەنە، یەک لەو گیایە دەرمانییانەیە کە بۆ ڕەنگکردنی قژی ژنان و کچان و پەنجە و لاق بەکار دەهێنرێت و بۆنێکی خۆشی هەیە و لە کولتووری زۆرێک لە گەلاندا پێگە و تایبەتمەندیی خۆی هەیە. لەناو کولتووری کوردیشدا خەنە لە زەماوەند و بۆنەکان و بەتایبەت شەوی خەنەبەنداندا بەکار دێت. لە مژاباددا جان دۆست، بە شێوەی هێمایی بەکاری هێناوە و وەک سیمبۆلێکی بۆنخۆش و ڕەنگاڵە کردوویەتە بەری شۆڕشەکەی شێخ ڕەزای دێرسیم. ئەو خەنەیە لەباتی خوێنی دەست و پێی و سەری ئەو سەدان کچ و کوڕ و کاڵ و جوامێرانەی دێرسیمە کەە چیاکانەوە خۆیان هەڵدا، یان خۆیان هاویشتە چەمی "مونزوور"ەوە، بۆ ئەوەی نەکەونە چنگی تورکانەوە. (حوسێن دێرسیمیم هێنایەوە و لە ژوورەکەم نیشتەجێم کرد، ژوورەکەم پڕ بوو لە هەڵمی خەنە، تژی بوو لە گریان.) ل 41 و لە چەندان ڕستە وەک هێما دووپاتی کردووەتەوە.

تووتن و قوتووە جگەرە: تووتن، یەکێک لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی کوردستانە کەلە زۆر ناوچە لەلایەن وەرزێڕ و جووتیارانی دەستەنگ و بەلەنگازەوە دەچێندرێت، ناوچەکانی وەک سەردەشت موکریان و کۆیە ناوچەیەکی شیاون کە هەموو کات سەرقاڵی وەبەرهێنانی تووتن بوون. جان دۆست لە مژاباددا هێماییانە تووتنی بەکار هێناوە کە تاکە سەرچاوەی بژیومان لەلایەن عوسمانییەکان لە کۆیە و ڕووسەکان لە موکریان چاوی تێبڕاوە و تاڵانیان کردووە و بەڵێنیی چەک و تەقەمەنیان داوە کەچی بەڵێنێکی بێ بنەما بووە. یان قوتووە جگەرە وەک کەرەستەیەکی شەخسی و تاکەکەسی و هێما و ڕەمز و ڕازێکی سەرداپۆشراو نەوە بە نەوە بۆمان ماوەتەوە. وەلێ ئەو تاقە ڕەمزەشمان لێ زەوت دەکرێت و هیچ نهێنییەکمان بۆ نامێنێتەوە و لەو ڕێگەیەوە کەسێتی و پێگەمان دەشکێندرێت. (زۆر درەنگ تێگەیشت کە ڕووسەکان پەیماننامەی نەوتیان بە خوێنی مەهابادییەکان واژۆ کردووە، زۆر دەرەنگ پێی زانی کە ئەو هەموو تووتنەی مەهاباد کە برایە مۆسکۆ و کرایە سیگار، دووکەڵێکی ئەفسانەیی لێ بەرز بووە و ڕاستییەکانی مێژووی لەگەڵ خۆیدا سووتاند. لەو شارە خۆی بەتەنیا دەبینی، قوتووی تووتنەکەی گەیشتەوە دەستی، وەلێ پڕ خوێن بووبوو، ئاخۆ خوێنی کچێنیی موژدە بوو، یان خوێنی دڵی ئەو! ل. ٢٧٠).

ترێ و شەراب: ترێ لە ژیانی کورددا جێگەی زۆری هەیە (ترێ میوەیەکە وەک سیحرە، دەبێتە مەی، دەبێتە مێوژ و دۆشاو، دەکرێتە باسووق و سجووق و دەبێتە هەموو شتێک، من ترێ وەک خۆم دەبینم، لە نێوان من و ترێدا تێکەڵبوونێکی گیانی هەیە، تاکە جیاوازیی نێوان من و ئەو میوە هاوینییە کە من ساڵانێکی زۆرم پیویستن بۆ گەنین و پڵیشانەوە، بەڵام ئەو لە مانگێکدا) ل. ١٨٣ ترێ سەرچاوەی شەراب و مەستبوون و ڕاستییە. ترێ تژییە لە ئاو، تژییە لە ڕەنگ و گیان دەدات تاکوو ئێمە گەشاو و شاد بین.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.