سندووس
له ماڵپه‌ڕی فه‌رمی "پێتڕۆڵیۆم ئێکۆنۆمیست" (Petoreum Economist)، که ماڵپه‌ڕێکی نه‌وتییه، باس له‌وه‌کراوه که "چین" له بواری گه‌شه‌ی پیشه‌سازی، ژێرخانه‌کانی به‌رهه‌م هێنان، کاروباری گواستنه‌وه و بیناسازی و ڕێگاوبان له ئێران دا، سه‌رمایه‌گوزاری ده‌کات، هه‌روه‌ها له‌و گرێبه‌سته‌دا هاتووه که "چین" کڕیاری نه‌وت وپیترۆشیمی و ته‌نانه‌ت گازی ئێران ده‌بێ. کڕینی نه‌وت و گاز به داشکاندنی سی له سه‌دی نرخه‌کان و به مۆڵه‌تی دروای دووساڵه ده‌بێ و له بری دۆڵاریش "یه‌وان"ی "چین"ی وه‌رده‌گرن.
دووله‌سه‌رسێی بایی کڕینه‌که نه‌غدی و یه‌ک له‌سه‌ر سێش، به‌شێوه‌ی شتومه‌ک و کاروباری پێڕاگه‌یشتن ده‌بێ. به پێی ئه‌م ڕاپۆرته، وتراوه که لایه‌نی چینی ده‌توانن تا ٥٠٠٠ هێزی نیزامی به مه‌به‌ستی پارێزگاری کردن له سه‌رمایه‌گوزارییه‌کانی خۆی بێنێته ناو خاکی ئێران و هه‌روه‌ها کارگه‌کانی چینی له ته‌واوی پڕۆژه پێوه‌ندییداره‌کان له ئێران دا مافی سه‌رێتییان ده‌بێ.
گرێبه‌ستی ٢٥ ساڵه بۆ سه‌رمایه‌گوزاری ٤٠٠ میلیارد دۆڵاری چینی یه‌کان له پیشه‌سازی نه‌وت و گاز و پیترۆشیمی ئێران و کۆماری ئاخوندی، به وه‌رگرتنی نیوه‌ی ئه‌م بڕه پاره‌یه بۆ ٢٥ ساڵ ئه‌م ئیمتیازانه ده‌دات به چین.
به‌گوێره‌ی هه‌واڵی هه‌واڵنێرییه‌کانی کۆماری ئاخوندی وه‌ک، "تابناک" و "ته‌سنیم"، ئه‌وه یه‌که‌م سه‌نه‌دی هاوکاری درێژخایه‌ن و ئیستڕاتژیک ده‌گه‌ڵ وڵاتێکی بیانی له ماوه‌ی چل ساڵی ڕابه‌دوودایه. په‌سه‌ند کردنی ئه‌م سه‌نه‌ده له لایه‌ن چینی یه‌کان و به کۆتا گه‌یشتن و ئیجرا کردنه‌که‌ی ده‌توانێ به وه‌رچه‌رخانێکی ته‌واوی حکومه‌تی ئاخوندی بۆ لای وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵات بقه‌بڵێندرێ. دیاره وته‌کانی "محه‌ممه‌د جوادی زه‌ریف"یش له مه‌جلیسی ئاخوندی دا ڕێک ئه‌وه‌ی سه‌لماند که به خیاڵی خۆیان ده‌یانهه‌وێ ناوه‌ندی کاروباری ئابووری و پیشه‌سازی له ڕۆژئاواوه بگوازنه‌وه بۆ ڕؤژهه‌ڵات و له‌م نێوه‌دا زیاتر پشتیان به "ڕووسیه" و به "چین" وه‌ک دوو ئه‌ندامی خاوه‌ن مافی "وێتۆ" له ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان دا، به‌ستووه، به‌ڵام غافڵن له‌وه‌یکه ئه‌م دوو وڵاته له پێناو قازانج و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆیاندا زۆر وڵاتی وه‌ک ئێران ده‌که‌نه قوربانی و سات و سه‌ودای له‌سه‌ر ده‌که‌ن. بۆ وێنه ڕووسیه که تا ئێستا به‌ده‌یان میلیاردی به ئاخونده‌کان له سوورییه‌دا به‌فیڕۆ داوه، ئێستا ورده ورده پشتی تێ کردووه و ته‌نیا سه‌ری بێ کڵاو، له سوورییه‌ی دوای ئارێشه قووڵاکان، سه‌ری زل و به‌تاڵی ئاخونده‌کانه. بۆ "چین"یش ده‌توانین ئاماژه به ڕه‌زبه‌ری ساڵی ڕابردوو بکه‌ین که له ژێر گوشاره‌کانی ئامریکادا به فه‌رمی گه‌ڵاڵه‌ی گه‌شه‌ی فازی ١١ی گۆڕه‌پانی گازی پارسی باشووری به‌جێهێشت و ئه‌و گۆڕه‌پانه گه‌وره‌یه درا به "پێترۆپارس." به باوه‌ڕی کارناسان له‌م ساتوسه‌ودایانه‌دا دیسان ئاخونده یه‌کده‌نده و که‌له ویشکه‌کان ده‌خیچین و ماڵوێرانی و گرانی زیاتر به‌رۆکی گه‌لانی به‌ش مه‌نه‌تی ئێران ده‌گرێ.
له سه‌ردانه‌که‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئاخونده‌کان بۆ مه‌جلیس، "زه‌ریف" بۆ پارێزگاری کردن له خۆی و ڕازی کردنی به‌ناو ئه‌ندامانی پارڵمان، باسی خامنه‌یی کرد و وتی: له سه‌فه‌ری ڕێبه‌ندانی ساڵی ٩٤ی "شی جین پین" وه‌ک سه‌رۆککۆمار چین بۆ ئێران و چاوپێکه‌وتنی ده‌گه‌ڵ خامنه‌یی، ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یه باس و خواسی تێروته‌سه‌لی له‌سه‌ر کراوه و هه‌ر خامنه‌ییش ده‌زگا پێوه‌ندی داره‌کانی ڕاسپاردووه که کاره‌کانی ئه‌م سات وسه‌ودا گه‌مژانه‌یه ڕاپه‌ڕێنن.
له‌م نێوه‌دا له نێو ده‌زگای ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تی ئاخوندی دا، زۆر که‌س ناڕه‌زایه‌تی خۆیان له هه‌مبه‌ر ئه‌م گرێبه‌سته ده‌ربڕیوه و لایان وایه ئه‌م کاره سه‌روه‌ری و سه‌ربه‌خۆیی ئێران – که له سایه‌ی کۆماری ئاخوندییه‌وه ئه‌م سه‌روه‌ری و سه‌ربه‌خۆییه هه‌ر نه‌ماوه - ده‌باته ژێر پرسیاره‌وه، له سه‌رووی ئه‌و که‌سانه‌وه ده‌توانین ئاماژه به "مه‌حموود ئه‌حمه‌دی نیژاد" بکه‌ین، ئه‌و ده‌ڵێ:
"بیستوومانه، له گه‌ڵ وڵاتی چین، له حاڵی وتووێژ، بۆ گرێبه‌ستێکی ٢٥ ساڵی‌دان، ئه‌م گرێبه‌سته به‌شداری هێزی نیزامی تێدایه و هیچ که‌سیشی لێ ئاگادار نه‌کراوه‌ته‌وه، مه‌گه‌ر ئێوه خاوه‌نی وڵاتن که به بێ ئاگاداری کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک و له کیسه‌ی خه‌ڵک، ده‌ستتان به به‌خشینه‌وه کردووه؟ ئێمه شۆڕشمان کردووه که هیچ شتێکی شارواه له خه‌ڵکمان نه‌بێ وهیچ که‌سیش خۆی به خاوه‌نی وڵات نه‌زانێ."
ماڵپه‌ڕی "پێتڕؤڵیۆم ئێکۆنۆمیست" باس له‌وه ده‌کات که له سه‌فه‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی "ئێران" بۆ "چین"، په‌ره به‌م گرێبه‌سته دراوه که له ساڵی ٢٠١٦ و له ژێر ناوی "به‌شداری تۆکمه‌ی ئیستڕاتژیکی چین و ئێران"، به بڕی ٤٠٠ میلیارد دۆلار واژۆیان کردووه و هێندێک خاڵی تازه‌ی نائاشکراشیان پێوه زیادکردووه و بڕیاریش نییه به‌شێکی گرینگ له‌و گرێبه‌سته بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکرێ.
عه‌لی خامنه‌یی له چاوپێکه‌وتن ده‌گه‌ڵ سه‌رۆککۆماری چین، ئاماژه‌ی به ڕوانگه‌ی کۆماری ئاخوندی سه‌باره‌ت به ڕۆژهه‌ڵات، له به‌رابه‌ر ڕۆژئاوادا ده‌کات و ده‌ڵێ:
"پێوه‌ندی ئیستڕاژیکی ٢٥ ساڵه له گه‌ڵ چین، زۆر درووسته و حیکمه‌تی تێدایه."
ده‌وترێ مه‌جلیسی ڕادیکاڵی "قالیباف" سازکراوه تا ئه‌و گرێبه‌ستانه واژۆبکات و ڕه‌نگی یاسایی خه‌ڵکی پێ ببه‌خشێ. دیاره پێشبینی ده‌کرێ که ڕێژه‌ی چاره‌ڕه‌شی خه‌ڵکی لێقه‌وماو، له‌وه‌ش زیاتر‌بێ و ژیانیان زیاتر تاڵ ده‌بێ.
دیاره له لای باشوور و له که‌نداویش دا ئاخونده‌کان کارێکیان کردووه که ئه‌و بڕه قووته‌ی له ڕێگه‌ی ماسی گرتنه‌وه وه‌ده‌ست خه‌ڵکی هه‌ژاری ئه‌م ناوچه‌یه ده‌که‌وت، پکبخه‌ن و له ڕێگه‌ی به ئیجاره‌دان به "چین"ییه‌کان، هه‌رچی له قووڵایی که‌نداو دایه و به هه‌موو شتێکه‌وه گه‌سکی لێ بده‌ن و ئه‌ونده ماسی گرتنه‌ش به‌و خه‌ڵکه هه‌ژار و لێ قه‌وماوه‌وه ڕه‌وا نه‌بینن.
هه‌ر ئێستاش خاک و خۆڵی چاربه‌هار و زۆر شوێنی تر به لۆری و ماشێنی گه‌وره، به وڵاتی "ئه‌ماراتی یه‌کگرتووی عه‌ڕه‌بی" ده‌فرؤشن و ئه‌ویش لێکدا لێکدا دووڕگه‌ی پێ چیده‌کات.
دیاره پشکی ئێران له ده‌ریای خه‌زه‌ریش، له ٥٠ له‌سه‌ددا دابه‌زیوه بۆ ١١ له‌سه‌د و ده‌رسه‌ده‌کانی تریش له پشکی ئێران، له نێوان وڵاتانی ڕووسییه، قه‌زاقستان، ئازه‌ربایجان و تورکه‌منستان دابه‌ش کراوه‌ته‌وه.
ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ره‌وه، زۆر سه‌رپێیی ئاماژه‌یان پێ کرا، مشتێ بوون له هه‌شتێی کرده‌وه‌کانی کۆماری ئاخوندی و لێپرسراوییه‌تی ئه‌وان، له هه‌مبه‌ر نیشتمانپه‌روه‌ری و وڵاتپارێزی دا. هه‌رچه‌ند کۆماری ئاخوندی له پێناو مانه‌وه‌ی خۆیدا هه‌موو جنایه‌تێک سه‌باره‌ت به گه‌لانی ئێران ئه‌نجام ده‌دات و هه‌رچی پووڵ و پاره به‌خشینه‌وه و ئیمتیازیشه ده‌یدات به‌و هێز و ده‌سته و تاقم و گرووپ و وڵاتانه‌ی، به به‌ژن و باڵای هه‌ڵده‌ڵێن و به شێوه‌ی ڕواڵه‌تی له پشتی ڕاوه‌ه‌ستاون. ئێستا ده‌بێ بزانین هۆکاری ویشکاندنی کۆمه‌ڵگای ئێران وه‌کوو پێکهاته‌یه‌کی "گشتاڵت"ی ته‌نیا کۆماری ئاخوندییه و رۆژێک زیاتر مانه‌وه‌ی ئه‌م سیستمه، زیانی قورس و قه‌ره‌بوونه‌کراوه، له گشت پێکهاته ئتنیکی و فه‌رهه‌نگییه‌کان و ژێرخانه ئابووری، سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی وڵات ده‌وه‌شێنێ. ئه‌میر تاهیری ڕۆژنامه‌نووس ده‌ڵێ:
"ئێران له زه‌مانی قاجارییه‌کان زیاتر به‌ستراوه‌یی سیاسی و ئابووری به ڕووسیه‌وه هه‌یه و له ڕاستی دا ئاخونده‌کان، به‌ڕێوه‌به‌ری سیاسه‌ته‌کانی ڕووسییه‌ن له ئێران و له ناوچه‌که‌دا، دیاره ئه‌م گرێبه‌سته ٢٥ ساڵییه‌ش ده‌گه‌ڵ چین، ده‌ریخست که ئه‌وجارئه‌م وڵاته‌ش، قۆڵی هه‌ڵماڵیوه تا وڵاتی ژێر ده‌ستی ئاخونده‌کان بکاته "کۆلۆنیاڵ"ی خۆی" و چۆنی پێ باش بێ ئاوای بیدۆشێ و بیچه‌وسێنێته‌وه. له ڕاستی دا "ئێران"، له ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئاخونده‌کان دا ده‌مێکه به نرخێکی هه‌رزان بۆ هه‌ڕاجکردن داندراوه."
ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.