کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئاخوندی، کووندەبووی وێرانی

17:04 - 15 پووشپەڕ 2722

سندووس

لە دوای ڕاپرسی تاکڕەهەند و هەڵخەڵەتێنەرانەی کۆماری ئاخوندی و قۆرغ و پاوانکردنی دەسەڵات لەدەستی خۆیاندا، وڵاتی ئێران لە گشت بوارەکانی سیاسی، ئابووری، کلتووری و کۆمەڵایەتی تووشی داتەپین هاتووە و بەرەبەرە ئەو داتەپینە گەیشتووەتە ڕادەیەک کە ئێستا ئیتر هیچ مرۆڤێک، تەنانەت ئەوانەی بەستراوەی ئەم سیستمە کاڵفام و نەخوێندەوارن، ناتوانن نکۆڵی لێ‌بکەن. ئێستا دوای ٤٣ ساڵ لەنێو ٢٢٧ وڵاتی جیهاندا هەڵاوسانی ئابووری لە پلەی سێ بۆ بەر لە ئاخیرە، ٨٠ لەسەدی خەڵکانی ئێران کەوتوونەتە ژێر هێڵی هەژاری، ڕیاڵ وەک یەکەی دراوی ئەم وڵاتە لە ڕەدەی بێ‌بایەخترین دراوەکانی جیهان دێتە هەژمار، گەندەڵی سیستماتیک وەک "شێرپەنجە" لەشی وڵاتی داگرتووە، خامنەیی چنگی لە تەواوی شادەمارە ئابوورییەکانی وڵات قایم کردووە و بەتەنیا خاوەنی زیاتر لە ٢٠٠ میلیارد دۆلاری نەغدی و دامەزراوە ئابوورییەکانە. ڕێبەری هیچ وڵاتێک هێندەی خامنەیی سامانی لەبەر دەستدا نییە. بە تەنیا و لەگەڵ نیزیکەکانی لە تاریکخانە هەزاربەهەزارەکەیدا، پیلان بۆ وڵاتان دادەڕێژێ و سامانە نەتەوەییەکانی وڵات دەکاتە تێچووی شەڕانگێزی، ئاژاوە، تێرۆر و پڕوپاگەندەی ئایدیۆلۆژییە وەهمییەکەی.

شوێنی نیشتەجێ‌بوون و خزمەتگوزاری دەرمانی "تەلەبە"کانی "قوم"، یەکسانە لەگەڵ بودجەی گەورەترین زانستگای ئێران کە لە تارانە. چەندین میلیۆن خەڵک لە خوێندن بێبەش کراون، بەپێی داتاکان، ٣٧ لەسەدی مناڵان لە خوێندن دابڕاون، ڕێگەوبانی وڵات لە ڕیزی پێنجەمی مەترسیدارترین ڕێگەوبانەکانی جیهاندایە، ساڵانە ٢٠ بۆ ٣٠ هەزار کەس بەهۆی خراپی ڕێگەوبانەوە گیانیان لەدەست دەدەن.

سیاسەتەکانی کۆماری ئاخوندی لە بواری خوێندنی باڵا و دیاریکردنی لێژنەی زانستیی زانستگاکان کارەساتبارە، بەشی هەرەزۆری باشترین، هەڵکەوتەترین و دڵسۆزترین مامۆستاکان، یان دەرکراون و یان خانەنشین کراون. پرسیارەکانی کۆنکووری سەرانسەری لە بەشە هەستیارەکانی وەک پزیشکی، ددانپزیشکی و دەرمانسازیی لە ٣٠٠ بۆ ٥٠٠ میلیۆن تمەن لە لایەن سازمانی هەڵسەنگاندنی خوێندنی باڵا، کڕین و فرۆشیان لەسەر دەکرێ! هەزاران کەس لە کاربەڕێوەبەرانی نیزامی ئاخوندی بێ کۆنکوور دوکتورایان وەرگرتووە و هەر ئێستا یان ئەندامی لێژنەی زانستیی زانستگاکانن و یان وەک بەپرسە پلە باڵاکانی نیزام دێنە هەژمار.

ئێران لە ڕیزی ١٠ وڵاتدایە کە گوزەرانی تێدا سەخت و دژوارە. لەم ڕۆژانەدا چەند وێنە و کلیپی ناخهەژێن لەسەر ژیانی هەژارانەی هێندێک بنەماڵە لە نێو "تەویلە" و شوێنی ڕاگرتنی مەڕوماڵات، بڵاوبووەتەوە کە لە هیچ شوێنێکی ئەم جیهانەدا نەبیندراوە!

تاکی ئێرانی لە خەمۆکترین و تووڕەترین خەڵکانی جیهانن، هەروەها بێهیواییەکی تاقەتپڕووکێن باڵی بەسەر تاک بە تاکی ئەندامانی ئەم کۆمەڵگایەدا کێشاوە. ڕێژەی خۆکوژی بەشێوەیەکی زۆر سەرسووڕهێنەر هەڵکشاوە. بەشی هەرەزۆری بنەماڵەکان، بۆ جێبەجێکردنی تێچووی نەشتەرگەریی نەخۆشەکانیان بۆ هەتاهەتایە دەکەونە ژێر هێڵی هەژارییەوە، بەشێکی زۆر لە کۆمەڵانی خەڵک بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانیان بەناچار هەستیارترین ئەندامانی لەشیان وەکوو گلێنەی چاو و گورچیلەیان دەفرۆشن! کەڵکوەرگرتن لە کەلوپەلی ناستانداردی پزیشکی ساڵانە زیاتر لە ٦٠ هەزار قوربانی لێدەکەوێتەوە.

ئێران بە ڕێژەیەکی زۆر نەخۆشی دڵ و شێرپەنجەی تێدایە، هەڵکشانی نەخۆشی MS لەم وڵاتەدا سەرسووڕهێنەرە، شاری "موبارەکە"ی "ئیسفەهان" زیاترین نەخۆشی MSی تێدا تۆمار کراوە. ڕێژەی شێرپەنجە لە زۆر شوێنی ئێراندا بۆ ٥٠٠ لەسەد هەڵکشاوە، بەلای پسپۆڕانەوە هەڵکشانی ئاستی شێرپەنجە بەم شێوەیە بابەتێکی سروشتی نییە!

لە ئێراندا نەزۆکی بە ڕێژەیەکی زۆر زیادی کردووە، ئامارەکان ئاماژە بەم ڕاستییە دەکەن کە یەک لەسەر پێنجی لاوانی وڵات نەزۆک بوونە. پیسی کەشوهەوا ساڵانە گیانی هەزاران کەس دەگرێ و هێندێک لە شارەکانی ئێران لەڕیزی پیسترین شارەکانی جیهاندان.

ئێران لەبواری پەرەئەستاندن و بەکاربردنی مادە هۆشبەرەکان دووهەم وڵاتی جیهانە، کارناسان دەڵێن: "خەسارەکانی ئیعتیاد بەرامبەرە لەگەڵ کۆی بودجەی سەلامەتی."

لەبواری هەڵاواردنی ڕەگەزی، ئێران یەکێک لە خراپترین وڵاتانی جیهانە!

تا بەر لە هاتنە سەرکاری ئاخوندەکان، بۆ گەشتوگوزار و سەفەرکردن بۆ دەرەوەی وڵات ئێرانییەکان پێویستییان بە وەرگرتنی ویزای زۆربەی وڵاتان نەبوو، ئێستا پاسپۆرتی ئێرانی لەڕیزی بێمتمانەترین پاسپۆرتەکانە.

وێرانیی ژینگە لە ئێراندا کارەساتبارە، سامانی ئاوی وڵات بەهۆی بێکیفایەتی ئاخوندەکان بەرەو لەناوچوونە، ٥١٧ شار و شارستان، کێشەی ئاوی خواردنەوە و پچڕانی کارەبایان هەیە. گۆلەکانی ورمێ، بەختەگان، جازمووریان و هاموون بەرەو وشکبوونی یەکجاری دەڕۆن، لێڕەوار و دارستانەکانی زاگڕۆس و باکووری ئێران بەڕادەیەکی زۆر لە کزییان داوە.

ئێران، بەپێی ڕێژەی جەماوەرەکەی زیاترین لەسێدارەدانی تێدا بەڕێوە دەچێ، ئەمە نیگەرانی زۆری لێ‌کەوتووەتەوە و چەند ڕۆژ بەر لەئێستا "ئەنجومەنی جیهانی پارێزگاریی لە مافی مرۆڤ"، لە نامەیەکدا بۆ "جاوید ڕەحمان" ڕێپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤ بۆ کاروباری ئێران، نیگەرانیان لەهەمبەر هەڵکشانی ٤٤ لەسەدی ڕێژەی لەسێدارەدراون تەنیا بۆ ٦ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢‌ـی زایینی ڕاگەیاندووە و وەک کارەسات ناویان بردووە. تەنیا لە ٦ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٢٣٩ کەس لەسێدارە دراون!

هەروەها بەپێی داتاکان، لە ٦ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢دا ١٤٧ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و لە نێوان ڕێگای پارێزگاکانی ورمێ، کوردستان و کرماشان بە هۆی دەستڕێژی ڕاستەوخۆی هێزە بەکرێگیراوەکانی کۆماری ئاخوندی، سەرمای تووند، وەسەر مین کەوتن و کەوتن لە بەرزایی کوژراو و بریندار بوونە. ئەمانەش بەشێکن لە زوڵم و زوری و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ. جەماوەری سەر سنووری کوردستان لەبەر هەژاری و نەبوونی داهاتێکی ئەوتۆ بەناچاری تووشی کۆڵبەری هاتوون و بە ناحەق لەلایەن قوڵەچۆماغەکانی تارانەوە دەدرێنە بەر دەستڕێژی گوللە و لە ئەنجامدا یان دەکوژرێن یان بریندار و کەمئەندام دەکرێن.

دیارە بارودۆخی "سوخت بەری"، ناوچەی سیستان و بەلوچستان ئەگەر لە ژیانی کۆڵبەران خراپتر نەبێ، چاکتریش نییە. مەبەست تەنیا ئەوەیە کە ڕادەی دڵڕەقیی دەسەڵاتدارانی ئاخوندی دەربخەین و نیشان بدەین کە ژیانی گشت نەتەوەکانی بێبەشی ئێران لە سایەی ئەم سیستمە شاڕلاتانە وەکوو یەک وایە و تەژی لە زەحمەت، کێشە و ئارێشەی قووڵە.

لە ماوەی ئەم ٤٣ ساڵەدا ئەگەر ئێران بەشێوەیەکی دێموکڕاتیک بەڕێوەچووبا و لێپرسراوانە کەڵک لە سامانە سروشتییەکان وەرگیرابا، بێشک ئێستا لە ڕیزی یەکێک لە بەهێزترین و ساماندارترین وڵاتان هەژمار دەکرا، بەڵام ئاماری "ئێکۆنۆمیستی ئابووری" پێمان دەڵێ کە لە کاتی هاتنە سەرکاری ئاخوندەکانەوە تا ساڵی ٢٠١٨ـی زایینی ٣٠ هەزار میلیارد دۆلاریان کردووەتە تێچووی لاساری و پەرەپێدانی بیرە نەخۆشەکانی سیستمە گەندەڵەکەیان. ئەگەر ئێستا ئەم سیستمە بەڕەڵڵایە بخرێتە ناو زبڵدانی مێژووەوە و سیستمێکی دێموکراتیکی مرۆڤتەوەر بێتە سەرکار، دیسان ٣٠ ساڵی پێویسته تا کومەڵگا بگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٥٧ و سەرەتاکانی دزینی شۆڕشی گەلانی ئێران، یانی کۆماری ئاخوندی بەبڕی ٧٦ ساڵ ئێرانی لە بوارە جیاجیاکانەوە وەدوا خستووە و وێرانی کردووە. کورد دەڵی: "کووند لە هەر شوێنێک بخوێنێ دەبێتە وێرانە"، بەڕاستی کۆماری ئاخوندی کووندئاسا ئێرانی وێران کردووە و تەواوی بوونەوەرەکان لەسایەی دەسەڵاتی ئەم باندەدا ژینگە و ژیانیان شێواوە و تا دێ زیاتر دەشێوێ و ئاخوندەکان بەرەو وێرانی زیاتر هەتڵەی دەکەن!!

ئەو بەڵایانەی باس کران تەنیا لە چوارچێوەی ئێراندایە، لەبیرمان بێ لە هەر شوێنێ دەستی چەپەڵی کۆماری ئاخوندیی وێڕاگەیشتبێ، بەرەو شەڕی ناوخۆیی، وێرانی و کوشت و کوشتار ڕۆیشتووە، سووریا، یەمەن، لوبنان و فەلەستین نموونەی بەرچاوی وڵاتگەلێکن کە لە سایە سەری ئاخوندەکانەوە، غەریزەی مەرگ تێیاندا کارایە و چارەنووسێکی نادیار چاوەڕوانیان دەکات!!