کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی بۆ چاوترسێنکردنی گەلانی ئێران باس لە ئەنبارەکانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان دەکا

19:08 - 9 جۆزەردان 2722

کاوە بەهرامی

ئاژانسی هەواڵدەریی "فارس" لە زاری "مەحموود مووسەوی" یاریدەری فەرماندەری سپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، ئەرکی بنکە نهێنییەکانی سپا کە تایبەت کراوە بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان زۆرجار لە دەرەوەی سنوور دەبن و بە قەوڵی مووسەوی ئەو بنکانەی سپا لەنێو چیاکانی زاگرۆس بڵاوەیان پێ کراوە.

 تێلێڤیزیۆنی فەرمیی ئێران ڕایگەیاند، سپا ١٠٠ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی لە ناوچەی چیاکانی زاگرۆس هەڵگرتووە و بە قەوڵی خۆیان جۆری ئەبابیل-٥ و مووشەکی قایم-٩ ئەنبار کراون.

ئەمە لە کاتێکدایە ناوخۆی سنوورەکانی ئەم ڕێژیمە سەدە ناوەڕاستییە، خەڵک لە قەیرانێکی قوڵی بنەڕەتیدا گیرۆدەی دەستی کۆمەڵێک ئاخوندی کۆنەپەرستە کە بۆ مانەوەی خۆیان لەوپەڕی بێ پرەنسیپی و دوور لە هەر چەشنە عەقڵییەتێکی  مرۆیی، فەرهەنگی و سیاسیی کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان، وڵات بەڕێوە دەبەن  و ئیدارەی دەکەن.

ئەوەی لەم شانۆگەرییەی دوای کۆماری ئیسلامیدا بە قەوڵ لە دڵی چیاکانی زاگرۆس باس لە بوونی کۆمەڵێک ئەنبار و تێکنۆلۆژیی سپای پاسداران و زانستی مووشەکی بالستیک و قایم-٩ و لەژێر ناوی جۆراوجۆر باسی دەکات لە وڵاتانی وەک چین و ڕووسیە و ئامریکا... قەتەعاتەکان  بە هەزینەیەکی زۆر دەکڕێت و وەسەریەک دادەنێت و دەیکا بە مووشەکی دڕۆن و پەهباد و... بۆ بردنە سەرەوەی وەزعی ڕۆحیی هێزەکانی خۆی، ئیمکاناتی بۆ مەسرەفی چەکدارکردنی ملیشیاکانی ناوچە و کاری خەڵكی ناوخۆی وڵاتیش بە مەبەستی دابینکردنی سەرەتایی ژیان پێداویستییەکانی ڕۆژانەیان کە خۆی لە بە یاران کردنی نانی سەر سفرەی گرتووەتەوە ڕاپەڕیون و خۆپیشاندان و مانگرتنی ڕۆژانە لە پەرەسەندندایە.

بەم تێکنۆلۆژییە وارداتییانە لەم هەلومەرجەدا ورەی هێزەکان دەباتە سەر و  بە دڕندانەترین شێوە سەرکوتی ناڕەزایەتییە ئاشتیخوازانەکان دەکات، ئەگەر توانی شەڕی نەورۆزی خوێناویی سنە و بە سەرانسەرکردنی شەڕی کوردستان لە شەڕی پاوە تا ئێعدامەکانی بە کۆمەڵی ساڵی ٦٨ سەرکوتی کۆی داشکاو و پەلاماردانی خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٩٨ کە بە وتەی هێندێک سەرچاوە ١٥٠٠ کوژراو و ٧ هەزار بریندار و هەزاران نەفەر زیندانیی لێ کەوتووەتەوە.

هەنووکە گەلانی وەزاڵەهاتووی ئێران لە هەموو فێڵ و خورافات و نەزانکاری و دزی و فەسادی ئاخوندەکان بە تەواوی تێگەییشتوون و خۆپیشاندانەکان و مانگرتنەکان ئاراستەیان بەرەو تێکەوەپێچانی ڕێژیمە.

کاتێک گەلانی ئێران دژی ڕێژیمی محەممەدڕەزای شا ڕاپەڕین، ئەم ڕێژیمە ئەوکات بە ژانداری ناوچە ناسراوبوو و حکوومەتی محەممەدڕەزاشا لە بواری چەک و تێکنۆلۆژییەوە یەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو. هەر بۆیە ڕاستییەکەی حاشاهەڵنەگرە ئیرادەی گەلانی ئێران لە چەکی پێشکەوتوو و تێکنۆلۆژی زۆر بەهێزەترە.

ئەم فڕوفیشاڵ و مانۆڕە بە چەک و کەرەستەی وارداتی پێش بە ئیرادەی پۆلایینی گەلانی ئێران ناگرێت.

 لە هەستیارترین بارودۆخەکانداین، یەکڕیزی  و یەکگرتوویمان زامنی سەرکەوتمانە.

گەلانی ئێران بە ئیرادەیەکی قایم هاتوونەتە مەیدان، کوردستان و هێزی پێشمەرگە وەک باسکی بەهێزی گەل، دڕۆن و مووشەک و پڕوپاگەندەی ڕێژیمی تێرۆریستی کۆماری ئیسلامیی ئێران نەتەنیا چاوترسێن نابێت بەڵکوو  پشتیوانی سەرجەم ناڕەزایەتییەکان  و خۆپیشاندانەکانی گەلانی ئێرانە کە ئامانجی ڕووخانی ڕێژیمی دژەگەلی کۆماری ئیسلامی و دابینبوونی مافی نەتەوایەتی، ئازادی و دێموکراسییە.

کاوە بەهرامی

٩ی جۆزردانی ١٤٠١ی هەتاوی