کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی بەدوای هەڵگیرساندنی شەڕەوەیە

17:55 - 16 پووشپەڕ 2722

ئاویەر

لە پاش خەزەڵوەری ٩٨ەوە کە بەهۆی گران بوونی نرخی بێنزین خەڵک لە ئێران ڕژانە سەر شەقام و بەهەزاران کەس بە هۆی ئەو ناڕەزایەتییانە بە دەست دەزگا سەرکوتکەرەکانی کۆمارێ ئیسلامی گیانیان لە دەست دا  ئەو ڕاستییە کە کۆماری ئیسلامی هیچ ڕەواییەکی لە لای کۆمەڵانی خەڵکی ئێرانەوە نەماوە و به ناڕەوا حوکمڕانی دەکا زیاتر لە جاران ڕوون و ئاشکرا بوو. هەر لەم ڕووەوە کۆماری ئیسلامی بۆ درێژەدان بە دەسەڵاتە ناڕەواکەی خۆی دەستی داوەتە سەرکوت و زەبروزەنگی کۆمەڵانی خەڵکی ئەو وڵاتە کە بێگومان ئەوە پیشەی هەموو حکوومەتە کۆلۆنالیستییەکانی جیهانە کە هەرکات ڕەوایی لە دەست دەدەن پەنا بۆ سەرکوت و زەبروزەنگ دەبەن کە دیارە کۆماری ئیسلامیش لەو نەریتە جیا و دەرهاویشتە نییە.

ئێستا کە بە هۆی گرانی و هەڵاوسانی ئابوورییەوە، ئاستی ناڕەزایەتیی خەڵک لەوپەڕی خۆیدایە و لە  بیانوویەک دەگەڕێن بۆ ڕژانە سەر شەقام و ناڕەزایەتی دەربڕین، دەبینین کە کۆماری ئیسلامی نەتەنیا بیر لە ڕێگا چارەیەک بۆ دەربازبوون لەو قەیرانانە ناکاتەوە بگرە وڵاتی وەکوو زڵکاوێک لێ کردووە کە سات بە سات ژیانی خەڵک تێیدا خراپتر دەبێ، لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە کە سەرەڕای ئەوەی ئاستی ناڕەزایەتییەکان لە ئێراندا وەکوو ئاگرێکی بن خۆڵەمێشی لێ هاتووە و هەر کات ئیمکانی ئەوە هەیە وەکوو بۆمبێک بتەقێتەوە و کۆتایی بە دەسەڵاتی ناڕەوای مەلاکانی تاران بهێنێ، بۆ کۆماری ئیسلامی ناگەڕێتەوە بۆ بەرجام؟ هەر چەند گەڕانەوە بۆ بەرجامیش بە هۆی گەندەڵی و فساد لەو سیستمە هیچ  له ژیانی خەڵک ناگۆڕێ، بەڵام ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە کە هۆی نەگەڕانەوەی کۆماری ئیسلامی بۆ بەرجام چییە؟

 ‏هەر وەکوو لە هەواڵەکاندا باسی لێوە کرا، دوایین دانیشتنی وتووێژە ناوکییەکانی نێوان ئامریکا و کۆماری ئیسلامی لە دۆحەی قەتەر بێ هیچ ئاکامێک کۆتایی پێ هات، هەرچەند پێشتریش پێشبێنی ئەوە دەکرا ئەو خولە لە وتووێژەکانیش نەگاتە ئەنجام و بێ هیچ دەسکەوتێک بگاتە کۆتایی!

 ‏نەگەڕانەوەی کۆماری ئیسلامی بۆ بەرجام لە حاڵێکدایە کە مەترسیی هێرشی نیزامی  بۆ سەر ئەو وڵاتە لە لایەن ئیسرائیلەوە زیادی کردووە ، ئیسرائیل بە دەیان جار هۆشدارێ ئەوەی داوە کە کۆماری ئیسلامی بەدوای دەستڕاگەیشتن بە چەکی ناوەکییەوەیە و لە ئەگەری دەستپێڕاگەیشتنی بە چەکی ناوکی ئەوە بوونی وڵاتی ئیسرائیل دەکەوێتە مەترسییەوە ، هەر بۆیە ئەوان ئیزن نادەن مەلاکانی تاران دەستیان بە چەکی ناوەکی ڕابگا. 

 ‏ئەگەری هێرشی ئیسرائیل لە حاڵێکدایە کە کۆماری ئیسلامی نەتەنیا ناگەڕێتەوە بۆ بەرجام بەڵکوو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەڵێنە بەرجامییەکانی خۆی کەم دەکاتەوە و لە کۆتا بابەتدا کامێراکانی چاوەدێریی ئاژانسی وزەی ناوەکیی لە چەند سایتی ناوکی کووژاندووەتەوە ، نەگەڕانەوە بۆ بەرجام، هاوکاری نەکردن لەگەڵ ئاژانسی  وزەی ناوکی و کەمکردنەوەی بەڵێنە بەرجامییەکانی ڕێژیم مەترسیی هێرشی نیزامی لە لایەن ئیسرائیلەوە بۆ سەر ئەو وڵاتەی زیاد کردووە، هەنووکە کۆماری ئیسلامی لە نێوان زەخت و گوشاری ناوخۆ و دەرەوەدایە و تووشی قەیرانێک بووە کە دەربا بوونی ئەستەمە، بەڵام سەرەڕای ئەوە درێژە بە بەرنامە ناوکییەکەی و دەستتێوەردان لە وڵاتانی دراوسێ و ڕۆژهەڵاتی ناوین بۆ ئاژاوەگێڕی دەدا.

 ‏ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی لەو ساتە  هەستیارەدا ناگەڕێتەوە بۆ بەرجام ٢ هۆی هەیە

 ١ـ کۆماری  ئیسلامی باش دەزانێ کە ناڕەزایەتییەکان لە ئێران درێژەی دەبێ و هەتا کۆتایی بە دەسەڵاتی ئەم حکوومەتە نەهێنێ ناسرەوێتەەوە، ئەگر لە درووشمەکان ورد بینەوە دەبینن کە بنچینەی دەسەڵاتیان کردووەتە ئامانج و ویستیان نەمانی ئەم حکوومەتەیە، خاڵێک کە کۆماری ئیسلامیش لێی ئاگادارە، هەر لەم ڕوویەوە مەلاکانی تاران پێیان وایە هەڵگیرساندنی شەڕێک لەم قۆناغەدا دەتوانێ تەمەنی دەسەڵاتیان درێژ کاتەوە،  ئەوان پێیان وایە لە ئەگەری شەڕدا ناڕەزایەتییەکان هەر چەند کاتیش، دادەمرکێن و دەتوانن خەڵک هەر وەکوو سەردەمی شەڕی نێوان عێراق و ئێران لە پشت خۆیانەوە بەسیج بکەن، هەر ئەوەیە کە ناگەڕێنەوە بۆ بەرجام و لە لایەکی تریشەوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەڵێنە بەرجامییەکانی خۆیان کەم دەکەنەو. 

٢ـ ‏هۆیەکی دیکەی ئەو بابەتە دەگەڕێتەوە بۆ هێرشی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین؛ لەم ڕوویەوە کە گەڕانەوەی نەوت و گازی ئێران دژی بەرژەوەندییەکانی ڕووسیەیە، گەڕانەوەی نەوت و گازی ئێران بۆ بازاڕی جیهانیی وزە، جێ به نەوت و گازی ڕووسیە کە لە ئێستادا هەناردەی ڕۆژاوا دەکرێ لێژە دەکا، هەر چەند ڕۆژاوا لە ئێستادا لە ڕووی ناچاریییەوە گازی ڕووسیە هاوردە دەکا و بەدوای جێگرەوەی ئەو گازەیە، هەر بۆیه ڕووسیە کەند و کۆسپ دەخاتە بەردەمی هەر جۆرە ڕێککەوتنێک و گەڕانەوەی کۆماری ئیسلامی بۆ بەرجام ، تەنانەت هەندێک لە شرۆڤەکاران پێیان وایە مۆسکۆ ڕاستەوخۆ بە تارانی ڕاگەیاندووە کە نابێ بگەڕێنەوە بۆ بەرجام .

 ‏بە پێی ئەو شڕۆڤەیە گوێڕایەڵبوونی مۆسکۆ لە لایەک و  ترس لە خەڵکی ناڕازی لە ناوخۆ کە بەهۆی نەبوونی ئازادی و برسێتی هەر سات ئەگەری هەیە بڕژێنە سەر شەقام و کۆتایی به دەسەڵاتی کۆلۆنیالیستیی مەلاکان بێنن، کۆماری ئیسلامیی هێناوەتە سەر ئەو قەناعەتە کە شەڕێکی ماڵوێرانکەر دەتوانی تەمەنی نگریسی ئەم حکوومەتە درێژ کاتەوە.