کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی دژکردەوەی بەرامبەر قسەکانی دانڵد ترامپی نیشان دا

17:43 - 17 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران دوابەدوای قسەکانی دانڵد ترامپ کاردانەوەی خۆی لە تویتێکدا نیشان دا.

ڕۆژی چوارشەممە، ١٦ی بەفرانبار، لە کاردانەوە بە قسەکانی دانڵد ترامپ، سەرۆکی ئامریکا لە کۆنگرەی ئەم وڵاتەدا، کە ڕێژیمی ئێرانی بە پشتیوانی لە تیرۆریزم ناوزەد کردبوو، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران لە تویتێکدا ئامریکای بە پشتیوانی "دیکتاتۆر، بکوژ و ئاژاوەگێڕەکان" لە قەڵەم دا.

تەنیا کاتژمێرێک دوای قسەکانی دانڵد ترامپ، محەممەد جەواد زەریف لە تویتەرەکەی خۆیدا قسەکانی دانڵد ترامپی بە دوور لە ڕاستی پێناسە کردووە و نووسیویەتی: "ئێمە لە کاتێکدا ٤٠ ساڵ پێشکەوتنی خۆمان سەرەڕای گوشارەکانی ئامریکا تێدەپەڕێنین کە دانڵد ترامپ جارێکی تر تۆمەتگەلێکی لە وتاری ساڵانەی خۆیدا لێداوین، شەڕفرۆشییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان، پشتیوانی لە دیکتاتۆرەکان، بکوژ و توندڕەوەکانی لێکەوتووەتەوە، ترامپ بۆ ئەم ناوچەیە تەنیا وێرانی هێناوە".

دانڵد ترامپ لە وتاری ساڵانەی خۆیدا لە کۆنگرەی ئامریکا، بە توندی هێرشی کردە سەر ڕێژیمی ئێران و بە گەورەترین پشتیوانی تیرۆریزم و ڕێژیمێکی ڕادیکاڵ پێناسەی کردبوو.

هەروەها ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتبووی: ڕێژیمێک کە درووشمی مەرگ بۆ ئامریکا بدات و هەڕەشەی لەنێوبردن لە گەلی یەهوود بکات، مەترسیدارە و ئامریکا چاوی لەسەریەتی؛ هەروەها ڕایگەیاندووە: بۆ ئەوەیکە دڵنیا بین ئەم دیکتاتۆرییە گەندەڵە هیچ کات دەستی بە چەکی ناوکی ڕاناگات، من ئامریکام لە ڕێککەوتنی ناوکی کێشایە دەرەوە.