کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی، دۆستی تیزاب و نەیاری گوڵ

13:22 - 17 گەلاوێژ 2719

سندووس

کۆماری ئیسلامی هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی هاتنە سەرکاریەوە تا بە ئەمڕۆ، هەم لە بواری ئایدیۆلۆژی و هەم لە بواری ڕەفتارییەوە، کارگەلێکی ئەنجام داوە کە لە هیچ فۆڕمێکی حکوومەتیدا پێناسە هەڵناگرێ و زۆر جار مرۆڤ کە بیر لە سەرچاوە لیخنەکانی بۆ چاندنی ئەو هەموو ڕق و کینە و نفرەت و تۆڵەیە دەکاتەوە، بۆی دەردەکەوێ کە ئەم نیزامە تەنیا لە خەستترین قەیرانەکاندا دەتوانێ بژی و لە وەها دۆخێکدا پشوویەکی بە بەردا دێتەوە، هەر بۆیە لە ماوەی چل ساڵەی تەمەنیدا تەنانەت یەک ڕۆژیش بێ قەیران نەبووە و ناشتوانێ ببێ.

کۆماری ئیسلامی لە دروستکردنی دۆخی ئاوارتە و لێوڕێژ لە قەیراندا زۆر ڕاحەت کۆمەڵگای بە دوو بەشی "خودی" و "غەیری خودی" دابەش کردووە. خودییەکان هەرچی بیکەن یاسا بۆ ئەوان و لە ئاست ئەوان ڕادەوەستێ و تەواو کارایی خۆی لەدەست دەدا، کەچی  بۆ غەیرەخودییەکان هەرچی بێکەن بەهانەیەکە بۆ کارگێڕ و بەڕێوەبەرانی لایە جیاجیاکانی کە کۆمەڵانی خەڵک زیاتر لە مەنگەنە بخەن.

لە کۆماری قەیرانی ئیسلامیدا، سەمای کچێکی شانزدە ساڵان لەنێو ئینستاگرامدا، یارمەتی کۆکردنەوە بۆ لێقەوماوانی بومەلەرزە، دۆستایەتیی چەند بنەماڵە لەگەڵ یەکتر، شایی و هەڵپەڕکێ و دڵخۆشی، باسکردن لە زام و ئازارەکانی کۆمەڵانی خەڵک، گشتیان پرسن، بەڵام لە دایرەی خودییەکاندا بوونی ئەو هەموو باندەی کە دزی و ئیختلاس و فەساد و گەندەڵی دەکەن و بە مەیلی خۆیان بانکەکانی دەرەوە دەئاخنن، نەک هەر پرس نین، بەڵکوو باسکردنیش بۆ بێژەرەکەی دەبێتە هۆی سەرئێشە و پەروەندە بۆ سازکردن و دواجار ڕەپێچەکدانیان بۆ بنکە و بارەگا ئەمنییەکان.

کۆماری ئیسلامی، کۆی سەرچاوە ژێرزەوییەکان و داهاتی ئێرانی بۆ خودییەکان پێ دەستکەوتی (غنایم) شەڕە و خودییەکان دەبێ عادڵانە لەنێو خۆیان دابەشی بکەن. لەم لاشەوە "هۆمۆساکێرەکان" کە کۆمەڵانی خەڵکن، هەر ڕۆژ زیاتر دەکەونە نێو جەخت و گوشارەوە و بە بەهانەی جۆراوجۆر ژیانیان لێکراوەتە ئۆردووگایەکی تەسکی ئاگامبێنی و لەم ئۆردووگایەشدا هۆمۆساکێرەکان دەبێ لە جۆری جلوبەرگ پۆشینەوە لە ەر چاوی بگرن تا دەگاتە وادەی نانخواردن و... .

کۆماری ئیسلامی وێڕای ئەوەیکە کۆماری قەیران و مەرگ و خوێن و سێدارەیە، کۆماری جێگۆڕکێ کردن بە سەرەتاییترین بایخە کۆمەڵایەتییەکانیشە، ئەو بە وشکاندنی غەریزەی ژیان و بڵاوکردنەوە و پەرەپێدانی غەریزەی مەرگ، دەیهەوێ کۆی ڕەوشت و ئەخلاقی کۆمەڵگا بە دوو سەر بکێڵێ و شتێک بە ناوی خۆشەویستی نائامرازیک بە مانای "ئیریک فڕۆم"ییەکەی هەر نەهێڵێ.

ئێستا بە هێنانەوەی دوو نموونە دەمانهەوێ ماهییەتی دژە ئینسانی ئەم سیستمە زیاتر بناسێنین تا دەرکەوێ لە هەزارەی سێهەمی زایینیدا چ تاقمێکی کۆنەپەرست و دڵڕەش و نەخۆش بەسەر گەلانی ئێراندا حکوومەت دەکەن:

١- لە ساڵی ۱۳۹۲ی هەتاوی لە نوێژی هەینیی ئیسفەهان، نوێنەری وەلی فەقیهـ و پێشنوێژی ئەم شارە، لەسەر ڕووبەند و بێحیجابی خانمان ڕایگەیاند کە ئەوانە تا گۆپاڵیان لەسەر نەبێ حیجاب ناپارێزن و لەمەوبەولاوە ئەوانە دەبێ ترسیان لە نیزام هەبێ، تا ئاوا ڕووهەڵماڵاو نەبن.

هەر ئێوارەی ئەم ڕۆژە چەند ماتۆڕسوار بە تیزاب هێرشیان کردە سەر چەند خانم و دەموچاوی چوار کەسیان بە تەواوی سوتاند و خانمێکیش فەوتی کرد، بەڵام وەک باس دەکرێ لە مانۆڕی تیزابپاشیی ئیسفەهاندا زیاتر لە پازدە کەس هێرشیان کراوەتە سەر و بۆ ماوەیەکی زۆر لە ترسی ئەو تاقمە خۆسەرە سازماندراوانە، کچ و ژنان نەیاندەوێرا بە کووچە و کۆڵان و شەقامەکاندا تێپەڕن. لێرەدا نەک هەر هیچ یاسایەک پشتیوانیی لەم لێقەوماوانە نەکرد، بەڵکوو کەسیش بە تاوانی ئەم کارە قێزەونە نەگیرا، بەڵکوو وتەبێژی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی زۆر ڕووهەڵماڵاوانە وتی: "چەند جارێک تا چەند هەنگاویی گرتنی تاوانباران چووینە پێش، بەڵام خۆیان بەدەستەوە نەدا".

٢- لە ڕۆژی ۱۷ی ڕەشەممەی ساڵی ۹۷ی هەتاوی کە ٨ی مارس و ڕۆژی جیهانیی ژن بوو، سێ کەس لە چالاکانی مافی ژنان بە ناوەکانی: "یاسەمەن ئاریایی، مونیرە عەڕەب شاهی و مووژگان کەشاوەرز"، لە واگۆنی میترۆی تاران، چەند سەوەتە گوڵ بە دەست و بەبێ هەڵاواردنی پۆششی شاخە گوڵیان پێشکەش بە خانمانی بێ حیجاب و حیجابدار کرد و بە بۆنەی ئەم ڕۆژەوە ماچیشیان دەکردن، لە دوای ڕێوڕەسمی بەشینەوەی گوڵەکان خانمی ئاریایی بە هەندێک وتەی نەرم و نیان و زۆر ئینسانی وتی: "ئەمڕۆ هەشتی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژنە، لە لایەن خۆم و دۆستانەوە، ئەم ڕۆژەتان پیرۆزبایی لێدەکەم و هیوادارم ڕۆژێک بێ  کە ئێمە ژنان ناچار نەبین بۆ سروشتیترین مافەکانی خۆمان خەبات بکەین. من دڵنیام  تەواوی ژنانی جیهان لەبەر خۆڕاگری و بوێری، شانازی بە بوونی ژنانی ئێرانەوە دەکەن."

"یاسەمەن ئاریایی"، دواتر خانمێکی باڵاپۆش ماچ دەکات و دەڵێ: "هیوادارم ڕۆژێک بێ ئێمە ژنان چ باڵاپۆش و چ بێ ڕووپۆش، بە هەر مەزهەبێکەوە، لە تەنیشت یەکتری بین و یەکتر قەزاوەت نەکەین."

لە ڕۆژی ۲۱ی خاکەلێوەوە، ئەم سێ خاتوونە لە زینداندان و دوای چەند مانگ، لە ڕێکەوتی ۵ی پووشپەڕی ۹٨دا لە لایەن بەرپرسی لقی ۲٨ی دادگای ئینقلابی تاران، سەرجەم بە ۵۵ ساڵ و شەش مانگ زیندان مەحکووم کران.

لە یەک ڕستەدا:

ئەوەی تیزاب بە دەموچاوی شارۆمەنداندا دەکات و گەورەترین تاوانی مرۆڤایەتی ئەنجام دەدا، ئێستا ئازادە و بەبێ هیچ گرفتێک ژیان دەکا. بەڵام ئەوانەی گوڵ واتە هێمای ژیان و خۆشەویستی دەبەشنەوە، ئێستا لە چاڵە ڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیدان و بە زیندانی درێژماوە حوکم دراون.

ئەوەیە ماهییەتی مەرگدۆستی و دژە مرۆڤایەتیی کۆماری ئیسلامی.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.