کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی هەڕەشەی لە ئامریکا کرد

11:41 - 1 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: بەشێوەی ناڕاستەوخۆ و لەڕێگەی یەکێک لە فەرماندەکانی سپای پاسدارانەوە، کۆماری ئیسلامی هەڕەشەی لە ئامریکا کرد و ڕایگەیاند: پایگاکانی ئامریکا وەک گۆشتی ژێر ددانی مووشەکەکانی سپان.

پاسدار ئەمیرعەلی حاجی‌زادە فەرماندەی هێزی هەوافەزای سپای تێرۆریستی پاسداران شەوی چوارشەممە ڕێکەوتی ٣٠ی خەزەڵوەر لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا باسی لە بەهێزی مووشەکەکانی ڕێژیمەکەی کرد و ڕایگەیاند: دەتوانین زۆر بە ئاسانی تەواوی بنکە و پایگاکانی ئامریکا لە ناوچە لەوانەش ئەلعەدیدە و زەفرە، قەندەهار و هەموو ناوە فڕۆکەهەڵگرەکانیان لە کەنداو و دەریای عۆمان بکەینە ئامانج.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوە کردووە کە مووشەکە دەریاییەکانمان مەودای ٧٠٠ کیلۆمێتری دەپێون و بە ئاسانی ئامانجەکان دەپێکن بۆیە ئەگەر ئامریکا بجووڵێتەوە لێیان دەدەین!

 ئەم قسانەی ناوبراو لە کاتێکدان کە ئامریکا گوشارەکانی خۆی بۆسەر کۆماری ئیسلامی بەتەواوی چڕ کردۆتەوە؛ جان بۆڵتن ڕاوێژکاری ئەمنیەتی نیشتمانی ئامریکا حەوتووی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو کە ئەوەندە گوشارەکانمان زیاد دەکەین تاکوو دەنگی وردبوونی ئێسکەکانیان ببیستین.

وڵاتانی ڕۆژئاوایی و بەتایبەت لێپرسراوانی ئامریکایی بەرنامەی مووشەکی کۆماری ئیسلامی بە هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر سەقامگیری ناوچە دەزانن و هەر لەم ڕاستایەشدا ئامریکا ڕایگەیاندووە ئەگەر ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئێران واژۆ بکرێت پێویستە بەرنامەی مووشەکی رێژیمی تاران یەکێک لە خاڵەکانی بێت.

لە مانگی ڕەزبەریشدا فلۆرانس پارلی وەزیری بەرگری فەڕانسە ڕایگەیاندبوو کە بەرهەمهێنانی مووشەکی بالستیکی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە هەڕەشەیەکی جیددییە و دەبێ پێشی پێ بگیرێ.